جەنگی ئێران قەیرانی پاڵاوگەکانی نەوت لە ئەوروپا قووڵتر دەکاتەوە

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز"، پێشبینی دەکرێت توانای پاڵاوتنی نەوت لە ئەوروپا لە ماوەی دە ساڵی داهاتوودا بە رێژەی 20% دابەزێت، ئەمەش لە کاتێکدایە ئێستا پاڵاوگەکانی کیشوەرەکە بەهۆی ئەو قەیرانی وزەیەی کە جەنگی ئێران دروستی کردووە، بە تەواوی توانای خۆیان کار دەکەن، بەڵام وەبەرهێنەران هێشتا دوودڵن لە دابینکردنی سەرمایە بۆ پڕۆژە نوێیەکان.

هەینی 21ـی ئابی 2026، رۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز" ئاماژەی بەوە کردووە، هەرچەندە حکوومەتە رۆژئاواییەکان داوای زیادکردنی توانای پاڵاوتن دەکەن بۆ زامنکردنی سووتەمەنی لە کاتی تەنگژەکاندا، بەڵام نەبوونی ئارەزووی وەبەرهێنان وای کردووە کە توانای پاڵاوتن لە ئەوروپا و ئەمریکای باکوور روو لە کەمبوونەوە بکات.

بە گوێرەی ئامارەکانی دامەزراوەی "ئێس ئەند پی جڵۆباڵ ئینێرجی"، چاوەڕوان دەکرێت تا ساڵی 2035 توانای پاڵاوتن لە ئەوروپا بگاتە کەمتر لە 9 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، لە کاتێکدا لە سەرەتای ئەم سەدەیەدا نزیکەی 14 ملیۆن بەرمیل بووە، لە بەرامبەردا، توانای پاڵاوتن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقا و ئاسیا لە گەشەسەندنی بەردەوامدایە.

دانیال ئیڤانز، بەرپرسی کەرتی پاڵاوتن لە دامەزراوەی "ئێس ئەند پی"، دەڵێت، "شۆکی جەنگی ئێران بایەخی ستراتیژیی پاڵاوگەکانی لە رۆژئاوا بیرهێنایەوە، بەڵام پێناچێت گۆڕانکاری لە رەوتی درێژخایەنی ئەم پیشەسازییەدا بکات."

 

ئۆتۆمبێلی کارەبایی و کەرتی بەرگری
یەکێکی دیکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پاشەکشەی وەبەرهێنان لەم کەرتەدا، بڵاوبوونەوەی خێرای ئۆتۆمبێلی کارەباییە، لە فەرەنسا فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی 63% و لە ئەڵمانیا 48% زیادی کردووە، ئەمەش وای کردووە داواکاری لەسەر سووتەمەنی کەم ببێتەوە.

سەرەڕای ئەمەش، دەیڤ سانیال، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای "ڤارۆپریم"، جەخت لەسەر گرنگیی ستراتیژیی سووتەمەنی دەکاتەوە و دەڵێت، "کاتێک باس لە فڕۆکەی جەنگیی F-35 و تانکی لیۆپارد دەکەین، راستییەکە ئەوەیە کە ئەمانە بە هایدرۆجین کار ناکەن، بەڵکو پێویستییان بە سووتەمەنیی ئاسایی هەیە."

 

مەترسییە درێژخایەنەکان
شارەزایان پێیان وایە، جەنگی ئێران مۆڵەتێکی کاتی بەو پاڵاوگانە داوە کە مەترسیی داخرانیان لەسەر بوو، بەڵام کێشە بنەڕەتییەکان هەر دەمێننەوە، لە بەریتانیا لە کۆی شەش پاڵاوگە، دووانیان داخراون، ئالان جێڵدەر، لە کۆمپانیای راوێژکاری "وود ماکنزی"، دەڵێت زۆربەی خاوەن پاڵاوگەکان کاتێک دەگەنە قۆناغی چاککردنەوەی گەورە، بڕیاری کۆتایی لەسەر داخستنی پاڵاوگە کۆنەکان دەدەن چونکە تێچووی نوێکردنەوەیان زۆرە.

 

لە لایەکی دیکەوە، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە، پلانی هەیە یەکەم پاڵاوگەی گەورەی ئەمریکا دوای پێنج دەسە لە ویلایەتی تێکساس دروست بکات و هەوڵی دووبارە کارپێکردنەوەی پاڵاوگەی "سانت کروا" بداتەوە.