ترەمپ: ئێران دەیەوێت رێککەوتنی دەوێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران خواستی هەیە بگاتە رێککەوتن، بەڵام هێشتا بۆ رێککەوتنێکی گونجاو ئامادەیی نیشان نەداوە.

شەممە 22ـی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئێران دەیەوێت رێککەوتنێک واژۆ بکات، بەڵام تا ئێستا ئامادەیی خۆیان بۆ ئەو رێللەوتنە نیشان نەداوە و لەوە دەچیت بۆ کات و بارودۆخێکی گونجاو بگەڕێن تاوەکو رێککەوتنەکە واژۆ بکەن".

هاوکات ترەمپ لە بارەی چارەنووسی گەرووی هورمزەوە گوتی،"ئێمە بە تەواوی کۆنترۆڵی سنوورەکان و گەرووی هورمز دەکەین."

سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە، ئابووریی ئێران بە قۆناخێکی سەختدا تێپەڕ دەبێت و تاران توانای دارایی بۆ پێدانی مووچەی پۆلیس و سوپای نەماوە، ترەمپ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دووپاتیکردەوە، "ئێرانییەکان بە پەرۆشن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک، بەڵام بۆ ئەو رێککەوتنە گونجاوە ئامادە نین."

لە بەرامبەردا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، بە توندی وەڵامی راگەیاندنی ئۆپەراسیۆنە ئابوورییە نوێیەکەی ئەمریکای دایەوە و بە بەراوردکارییەکی مێژوویی شکستی سیاسەتەکانی واشنتنی بەبیرهێنایەوە

عێراقچی نووسیویەتی:

14 ساڵ لەمەوبەر: "توندترین سزای ئیفلیجکەر لە مێژوودا"؛ شکستی هێنا.

8 ساڵ لەمەوبەر: "سیاسەتی زۆرترین گوشار"؛ شکستی هێنا.

5 مانگ لەمەوبەر: "خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج"؛ شکستی هێنا.

ئەمڕۆ: "توندترین ئۆپەراسیۆنی ئابووریی مێژوو"؛ چارەنووسی بە دڵنیاییەوە هەر شکست دەبێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیویەتی: ئێمە ئەم فیلمەمان پێشتریش بینیوە؛ هەمان قسەی بێمانایە، بەڵام لە لایەن زۆردارێکی جیاوازەوە دووبارە دەکرێتەوە.