نرخی نەوت گەیشتە نزیکەی 94 دۆلار

نرخی نەوت لە مامەڵەکانی کۆتایی هەفتەی رابردوودا بەبێ گۆڕانکارییەکی بەرچاو مایەوە، بەڵام بەرەو ئەوە دەچێت بۆ دووەم هەفتەی لەسەریەک قازانج تۆمار بکات، ئەم دۆخە لە کاتێکدایە گرژی و نەبوونی لێکتێگەیشتن لە نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامە، کە کاریگەریی زنجیرەیی لەسەر دابینکردنی نەوت لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستکردووە.

شەممە 22ـی ئابی 2026، نرخی گرێبەستە ئایندەییەکانی نەوتی خاوی برێنت بەرزبوونەوەیەکی کەمی بە بڕی 4 سەنت تۆمار کرد و گەیشتە 93.82 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەوەش پاش ئەوەی لە رۆژانی پێشوودا 2.4%ـی بەرزبووەوە.

لە بەرامبەردا، گرێبەستە ئایندەییەکانی نەوتی خاوی تێکساسی رۆژئاوای ئەمریکی 6 سەنت دابەزی و گەیشتە 86.78 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەمەش پاش ئەوەی لە مامەڵەکانی پێنجشەممەی رابردوودا 2.3%ـی قازانجی تۆمار کردبوو.

سەبارەت بە ئەنجامی کۆتایی هەفتەکە، لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا نرخی نەوتی خاوی برێنت زیاتر لە 7% و نەوتی خاوی ئەمریکی زیاتر لە 8% بەرزبووەوە، بەمەش هەردوو جۆرەکە بەرزترین ئاستی خۆیان لە 24ـی تەممووزەوە تۆمار کرد.