دانیشتووانی تانجەرۆ داوای داخستن و راگواستنی کۆگاکانی سووتەمەنی دەکەن

دوای ئاگرکەوتنەوەکەی ناوچەی تانجەرۆی سلێمانی، دانیشتووانی ناوچەکە داوای داخستن و راگواستنی کۆگاکانی سووتەمەنی دەکەن، قایمقامییەتی سلێمانی شوێنێکی تازەی بۆ کۆگاکان دیاری کردووە و بڕیارە بنکەیەکی بەرگریی شارستانیشی لێ بکرێتەوە.

بە بڕیاری قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی سلێمانی، تەواوی کۆگاکانی سووتەمەنی ناوچەی تانجەرۆ ئاگادارکراونەتەوە کە شوێنەکە دادەخرێت و کۆگاکان بۆ شوێنێکی دیکە دەگوازرێنەوە.

دوای رووداوی ئاگرکەوتنەوە گەورەکەی هەفتەی رابردوو، قایمقامییەتی قەزای ناوەندیی سلێمانی سەرجەم کۆگاکانی سووتەمەنی ئاگادارکردووەتەوە، شوێنەکە دادەخرێت و کۆگاکانی سووتەمەنی بۆ شوێنێکی دیکە لە بەرامبەر مەیدانی ئاژەڵان دەگوازرێتەوە.

کاروان کەریم، چالاکوان و دانیشتووی سنووری تانجەرۆ بە کوردستان24ـی راگەیاند، تانجەرۆ ئێستا گەڕەکێکی شاری سلێمانییە و نابێ کۆگاکانی سووتەمەنی لەو شوێنە هەبن، چونکە بۆن و گازە دەردراوەکانی سووتەمەنی دانیشتووانی تانجەرۆی هەراسان کردووە و پێویستە بە زووترین کات بڕیاری گواستنەوەی جێبەجێ بکرێت.

گوتیشی: بەشێکی زۆری کۆگاکانی سووتەمەنی ئەم ناوچەیە هیچ مەرجێکی سەلامەتی و ژینگەییان تێدا نییە، ئەگەر مەرجەکانیان هەبووایە لە کاتی رووداوەکەدا کۆنترۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوەکە ئاسانتر دەبوو و قەبارەی زیانەکانیش هێندە نە دەبوون.

ئەم چالاکوانە داوا دەکات، ئەو کۆگایانەی سووتەمەنی لە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان دوور بخرێنەوە، چونکە بۆنێکی ناخۆش و پیسییەکی زۆری بۆ ژینگە و هەوای ناوچە هەبووە، دەشڵێت "بە داخەوە تا کارەساتێک روو نەدات، رێکارەکانی خۆپارێزی ناگیرێنەبەر، بەڵام پێویستە بۆ هەر شوێنێک کە دەگوازرێنەوە، سەرجەم مەرجە تەندروستی و ژینگەییەکانیان بەسەردا بسەپێندرێت و بە پشتێنەیەکی سەوزایی دەورە بدرێن".

شەوی دووشەممە لەسەر سێشەمەی هەفتەی رابردوو، ئاگرێکی گەورە لە کۆگاکانی سووتەمەنی ناوچەی تانجەرۆی سلێمانی کەوتەوە و بە گوێرەی ئامارەکانی بەرگریی شارستانی 22 کەس برینداربوون و زیاتر لە سێ ملیۆن لیتر سووتەمەنی سووتا و لە لایەنی ماددیەوە زیانەکان بە زیاتر لە سێ ملیۆن دۆلار خەملێندراوە.

بڕیاری راگواستنی کۆگاکانی سووتەمەنی لە تانجەرۆ 71 کۆگا دەگرێتەوە و ئەو شوێنەشی بۆیان دیاریکراوە، نزیک گوندی یەکماڵە، کە دەکەوێتە نێوان رێگای سلێمانی – عەربەت و دوورە لەهەموو شوێنێکی نیشتەجێبون.

بڕیارە قایمقامییەتی سلێمانی لە رێگەی لیژنەکانییەوە لەمەودوا چاودێری کۆگاکان چڕتر بکاتەوە و لە شوێنە نوێیەکەی کۆگاکانی سووتەمەنی، بنکەیەکی بەرگریی شارستانی بکرێتەوە، بۆ خێرا فریاکەوتنی هەر حاڵەتێکی نەخوازراوە.