50 ملیۆن لیتر بەنزین هاوردەی هەرێمی کوردستان کرا

ئەمڕۆ شەممە 22ـی ئابی 2026، کۆمپانیایەکی گەورە 50 ملیۆن لیتر بەنزینی سوپەری لە تورکیاوە هاوردەی هەرێمی کوردستان کرد، کە دەکاتە 35 هەزار تۆن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئازەر فارووق، پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر، ئەو بڕە بەنزینە کواڵێتییەکی بەرز و باشی هەیە و بەسەر بەنزینخانەکاندا دابەش دەکرێت.

هاوردەکردنی ئەم بڕە زۆرەی بەنزین کاردانەوەی ئەرێنی هەبووە و بەهۆیەوە نرخی لیتری بەنزینی سوپەر لە بەشێک لە بەنزینخانەکاندا دابەزیوە بۆ 1900 دینار.

 

 
 
 

هەینی 21ـی ئابی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە بەیانییەوە پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومی بە نرخی 750 دینار لە شاری هەولێر فراوانتر دەکرێت و لە نێوان 25 بۆ 35 بەنزینخانەدا دابەش دەکرێت، هاوکات کارتی وەرگرتنی سووتەمەنی (کۆبۆن) دووبارە کارا دەکرێتەوە.

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، لە سبەینێوە دابەشکردنی بەنزین بە کارت بە شێوەیەکی تاقیکاری دەستپێدەکات، لە رۆژی یەکشەممەوە پرۆسەکە بە تەواوەتی لە هەولێر رێکبخرێتەوە و ببێتەوە بە سیستەمی ئەلیکترۆنی و کارت. لە هەمان کاتدا، تیمە هاوبەشەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر بەردەوام چاودێریی کارکردنی بەنزینخانەکان دەکەن، بە مەبەستی پاراستنی بەردەوامیی پرۆسەکە و زیادکردنی ژمارەی وێستگەکان هاوتەریب لەگەڵ زیادبوونی بڕی سووتەمەنیی دابینکراو.

سەبارەت بە شێوازی دەستنیشانکردنی بەنزینخانەکان، ئومێد خۆشناو روونی کردەوە، هیچ لیستێکی دیاریکراو بە ناوی بەنزینخانەکان بڵاوناکرێتەوە، بەڵکو شۆفێران دەتوانن لە رێگەی ئەو تابلۆیانەی لەسەر بەنزینخانەکان دادەنرێن و ئاماژە بە بوونی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومی دەکەن، سووتەمەنی وەربگرن.

دەربارەی بەشەسووتەمەنی و پشکی ئۆتۆمبێلەکانیش، پارێزگاری هەولێر ئاشکرای کرد دابەشکردنەکە لە رێگەی کارت و کۆبۆنەوە دەبێت، بە جۆرێک لە قۆناخی سەرەتادا هەفتانە یەک بەش بەنزین بۆ ئۆتۆمبێلە ئاسایی و تایبەتەکان دیاری دەکرێت، هاوکات هەوڵێکی چڕ لە ئارادایە بۆ ئەوەی بەشەسووتەمەنیی ئۆتۆمبێلی تاکسی زیاتر بکرێت و لە هەفتەیەکدا دوو بەشیان پێبدرێت تاوەکو بارگرانی لەسەر کاسبیی رۆژانەیان دروست نەبێت.