لە کۆیە شانۆگەریی 'ئایپاد' نمایش کرا

لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەریی کۆیە، بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەریی هەولێر، شانۆگەریی سەرشەقامی "ئایپاد" لە پارکی فاتیح رەسووڵ لە کۆیە نمایش کرا.

ئەمڕۆ شەممە، 22ـی ئابی 2026، هونەر تاهیر، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەریی کۆیە بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئەم شانۆگەرییە بە تایبەتی بۆ منداڵان و دایک و باوکان ئامادە کراوە، بە زمانی شانۆ و بە شێوەیەکی سادە و روون، کێشەی بەکارهێنانی زۆر و بێ‌ سنووری ئایپاد و مۆبایل لە لایەن منداڵانەوە خستەڕوو؛ دیاردەیەک کە لە ساڵانی دواییدا بووەتە یەکێک لە کێشە و نیگەرانییە گرنگەکانی ژیانی خێزانەکان."

گوتیشی، "نمایشەکە تەنیا باس لە زیانەکانی بەکارهێنانی ئامێرە زیرەکەکان ناکات، بەڵکو بە رێگەی رووداو و کارەکتەرەکانیەوە، کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانی ئەم بەکارهێنانە لەسەر منداڵان پیشان دەدات. لە ناو نمایشەکەدا هەوڵ دراوە بینەر تێبگات کە کاتێک تەکنەلۆجیا لە ژیانی منداڵدا شوێنی یاری، گفتوگۆ، خوێندن و پەیوەندی لەگەڵ خێزان دەگرێتەوە، دەتوانێت کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ژیانی رۆژانەی منداڵ جێبهێڵێت."

دەربارەی پەیامی شانۆگەرییەکە، هونەر تاهیر دەڵێت، "پەیامی شانۆگەرییەکە تەنیا ئاراستەی منداڵان نییە، بەڵکو دایک و باوکانیش بەشێکن لە پەیامەکە. چونکە رێکخستنی کاتی بەکارهێنانی مۆبایل و ئایپاد، چاودێریکردنی ناوەڕۆکی بینراو و دانانی سنوورێکی تەندروست بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا، بەشێکی گرنگی بەرپرسیارێتی خێزانە."

هونەر تاهیر جەختی لەوەش کردەوە، "شانۆگەریی "ئایپاد" بە شێوازێکی سەرشەقامی پێشکەش کراوە و سادەیی زمانی نمایشەکە وای کردووە پەیامەکە بە ئاسانی بگاتە بینەر. بۆیە بینەرانی جیاواز لە تەمەن و تێگەیشتنەوە توانیویانە لەگەڵ رووداوەکانی نمایشەکە پەیوەندی دروست بکەن و بەشێک لە ژیانی رۆژانەی خۆیان لەسەر شانۆ ببینن."

هونەر تاهیر باس لە هەڵبژاردنی پارک بۆ نمایشەکە دەکات و دەڵێت، "هەروەها هەڵبژاردنی پارک بۆ پێشکەشکردنی نمایشەکە، بووەتە هۆی ئەوەی شانۆ لە چوارچێوەی هۆڵێکدا نەمێنێتەوە و راستەوخۆ بگاتە ناو کۆمەڵگە، بە تایبەتی منداڵان و خێزانەکان لە کاتی پێشکەشکردنی نمایشەکەدا لە پارک ئامادە بوون."

هونەر تاهیر ئاماژەی بەوەش دا، "پەیامی سەرەکیی "ئایپاد" ئەوەیە کە تەکنەلۆجیا دەتوانێت بەشێکی گرنگی ژیانی مرۆڤ بێت، بەڵام بەکارهێنانی بێ‌ سنوور و بێ چاودێرییەکەی، بە تایبەتی بۆ منداڵان، دەتوانێت هاوسەنگیی ژیانی کۆمەڵایەتی و خێزانی تێک بدات. لەبەر ئەوە شانۆگەرییەکە هەوڵ دەدات لە رێگەی هونەرەوە گفتوگۆیەک لە نێوان منداڵ و خێزان لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی دروستی تەکنەلۆجیا دروست بکات."

شانۆگەریی سەرشەقامی "ئایپاد" لە دەرهێنانی شوان سەعیدە و نەوزاد جەواد و شارێ نەوزاد رۆڵە سەرەکییەکانیان تێدا گێڕاوە.