کاتز: واشنتن پێشوەختە لە هێرشی سەر فڕۆکەخانەی زوهور ئاگادار کراوە
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، سەرکۆنەی لێدوانەکانی تۆم بەڕاک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و بەرپرسی دۆسیەی سووریا لە واشنتنی کرد و رایگەیاند، پێش ئەوەی هێرشەکە ئەنجام بدەین، ئەمریکامان ئاگادار کردووەتەوە.
شەممە 22ـی ئابی 2026، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، ئیسرائیل پێش هێرشەکە زانیاریی هەواڵگریی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەمریکا ناردووە، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لێدوانەکانی تۆم بەڕاکی بە پڕ لە هەڵە و هەڵوێستگەلێک وەسفکرد کە بە گوتەی ئەو، دژ بە هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە بەرزاییەکانی جۆلانن.
تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا، کەمێک پاش هێرشەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیبووی، ویلایەتە یەکگرتووەکان زۆر نیگەرانە، چونکە ئەو هێرشانە پەرەسەندنێکی ناپێویستن.
لای خۆیەوە، کاتز وەڵامی رەخنە ناوخۆییەکانیشی سەبارەت بە بۆردومانکردنی سووریا دایەوە، بەتایبەت ئەو رەخنانەی لەلایەن هەندێک لە سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆنەوە ئاراستەکرابوون، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەم بارەیەوە گوتی: "هەوڵی هەندێک لە ئۆپۆزیسیۆن و هەندێک لە میدیاکان بۆ بەسیاسیکردنی پڕۆسەکە لە سووریا، لە تێکەڵەیەک لە نەزانین و تێنەگەیشتن لە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل و ئارەزوویەکی بەردەوام بۆ هێرشکردنە سەر حکوومەت سەرچاوەدەگرێت و ئەمەش جێگەی سەرکۆنەکردنە."