ئەمریکا دوو فڕۆکەی دابینکردنی سووتەمەنی لە بولگاریا کشاندەوە
وەزیری بەرگریی بولگاریا رایگەیاند، دوو فڕۆکەی ئەمریکیی تایبەت بە دابینکردنی سووتەمەنی، بنکەی ئاسمانیی بیزمەریان لە بولگاریا جێهێشتووە، ئاماژەی بەوەشکرد ئەو فڕۆکانە مانگێک لەمەوبەر رەوانەی ئەو وڵاتەی ناوچەی بەلقان کرابوون و ئەم هەنگاوەش ناڕەزایەتیی ئێرانی لێکەوتەوە.
شەممە 22ـی ئابی 2026، دیمیتار ستۆیانۆڤ، وەزیری بەرگری بولگاریا رایگەیاند، دوو فڕۆکەی دابینکردنی سووتەمەنی ئەمریکی کە لەو وڵاتە جێگیر کرابوون، وڵاتەکەیان جێهێشتووە و گەڕێندراونەتەوە بۆ ئەمریکا.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە 28ـی شوباتەوە جەنگی دژی ئێران راگەیاندووە، داوای کردبوو فڕۆکەکان بە شێوەیەکی کاتی لەو بنکەیە جێگیر بکرێن، ئەمەش بەگوێرەی رێککەوتنێک بوو کە رێکخستنی بەکارهێنانی هاوبەشی دامەزراوە سەربازییەکان دەگرێتەوە، لەو کاتەدا ئێران رایگەیاند، ناردنی فڕۆکەکان بە واتای بەشداریکردنە لە دەستدرێژی و تاوانەکانی جەنگ، بەڵام سۆفیا ئەو تۆمەتەی رەتیکردەوە.
ستۆیانۆڤ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "ئەو دوو فڕۆکەیە لە جۆری کەی سی-135 سەر بە هێزی ئاسمانیی ئەمریکا، هەینی گەڕاونەتەوە بۆ واشنتن".
ناردنی ئەو فڕۆکانە کە پەرلەمانی بولگاریا لە 22ـی تەمووزدا رەزامەندی لەسەر دابوو، بووە هۆی نیگەرانیی دانیشتووانی ناوچە نزیکەکان، چونکە ترسیان هەبوو بنکەکە ببێتە ئامانجی هێرشی مووشەکی و درۆنی ئێران.
وەزیری بەرگریی بولگاریا روونیکردەوە، هەموو گەشتەکانی ئەو فڕۆکانە لە ماوەی جێگیرکردنی کاتییاندا، ئەرکی مەشق و راهێنان بوون لەسەر ئاسمانی وڵاتانی هاوپەیمان، ستۆیانۆڤ جەختی لەوەش کردەوە، بولگاریا هیچ زانیارییەکی لەسەر هەڕەشەی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی نییە.
ستۆیانۆڤ دووپاتی کردەوە، بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ حکوومەتی ئەمریکا کار دەکەن، زانیارییەکان پێشوەختە بەدەستیان گەیشتووە و هەر بۆیەش هەموو بڕیارەکان لەسەر بنەمایەکی دروست دراون.
لەو بارەیەوە، رۆژنامەی فایننشاڵ تایمز چوارشەممەی رابردوو، لە زاری دوو سەرچاوەی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئێران بژاردەکانی فراوانکردنی وەڵامدانەوەی ئەمریکایان بۆ دەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێکردووە، لەنێو بژاردەکاندا، لێدانی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەوروپا و کردنە ئامانجی ژێرخانە دەریاییەکان لە گەرووی هورمز هەبووە.
سەرچاوەکان روونیان کردەوە، هێزەکانی ئێران ئەگەری لێدانی بنکەکانی ئەمریکایان لە وڵاتانی وەک بولگاریا لێکداوەتەوە، کە مانگی رابردوو رازی بووە بنکەی ئاسمانیی بیزمەر بۆ فڕۆکەکانی دابینکردنی سووتەمەنیی ئەمریکا بەکاربهێنرێت، یەکێک لەو سەرچاوانە روونیکردەوە، قوبرسیش لەنێو ئامانجە ئەگەرییەکاندا بووە لە ئەگەری دەستپێکردنی هێرشێکی نوێ لەلایەن واشنتنەوە.
لە وەڵامی ئەو راپۆرتانەدا، بەرپرسێکی ناتۆ رایگەیاند، هاوپەیمانییەکە ئامادەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر هەڕەشەیەکی ئەگەریی ئێران و بەرگریکردن لە هەموو وڵاتانی ئەندام، ئەو بەرپرسە روونیکردەوە، وەک ئەمساڵ دەرکەوت، کاتێک بەرگرییە ئاسمانییەکانی ناتۆ سەرکەوتوو بوون لە تێکشکاندنی مووشەکە بالیستییەکان کە لە ئێرانەوە بەرەو تورکیا هەڵدرابوون لە چوار رووداوی جیاوازدا، تواناکانی بەرگری و وەڵامدانەوەی هاوپەیمانییەکە لە ئاستێکی بەهێز و کاریگەردا دەمێننەوە.