ئێران: هەر وڵاتێک جێگرەوەی گەرووی هورمز دابنێت دەبێتە ئامانجی هێرشەکانمان
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڕەشەی بەکارهێنانی مووشەکی کرد دژی هەر وڵات یان لایەنێک کە هێڵی بۆریی نەوت بۆ کەمکردنەوەی گرنگیی گەرووی هورمز دروست دەکات.
شەممە 22ـی ئابی 2026، حەمیدڕەزا حاجی بابایی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، دروستکردنی هەر هێڵێکی بۆریی جێگرەوە بە ئامانجی بێبەهاکردنی گەرووی هورمز، وڵاتەکەی دەکاتە ئامانج و ئێران بە دەستوەردانی راستەوخۆی ئەمریکای دەزانێت، بە گوتەی ئەو بەرپرسە، تاران هەر لایەنێک کە پاڵپشتیی تەکنیکی پێشکەش بکات یان زانیاری لەو بارەیەوە لەگەڵ ئەمریکا ئاڵوگۆڕ بکات، وەک لایەنێکی بەشدار لە ئامانجگرتنی ئێران هەژماری دەکات.
حاجی بابایی گوتیشی: "هەرکەسێک هێڵی بۆریی نەوت بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرنگیی گەرووی هورمز دروست بکات، ئێمە بە مووشەک دەیکەینە ئامانج." ئەو بەرپرسە جەختیکردەوە، تاران مامەڵە لەگەڵ ئەو پڕۆژانەدا وەک بەشێک لە جەنگێک دەکات کە بەرژەوەندییەکانی ئێرانی کردووەتە ئامانج.
ئەمە لە کاتێکدایە، وڵاتانی ناوچەکە بۆ هەناردەکردنی بەشێکی گەورەی بەرهەمە نەوتییەکانیان پشت بە گەرووی هورمز دەبەستن، هەر تێکچوونێک لە جووڵەی کەشتیوانی لەو گەرووەدا دەبێتە سەرچاوەی نیگەرانی بۆ بازاڕەکانی وزەی جیهانی و ئەوەش وایکردووە وڵاتان بەدوای رێڕەوی جێگرەوەدا بگەڕێن بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە گواستنەوەی دەریایی.
پێش جەنگ، نزیکەی 20%ـی دابینکردنی نەوت و گازی سروشتیی شل لە جیهاندا لە رێگەی گەرووی هورمزی نێوان ئێران و عومان تێپەڕدەبوو، سەرەڕای دوو رێککەوتنی ئاگربەست لەنێوان واشنتن و تاران لە نیسان و حوزەیرانی رابردوو، جووڵەی کەشتیوانی لەو گەرووەدا هێشتا بە رێژەیەکی کەمتر لە ئاستی پێش جەنگ ماوەتەوە و کەشتییەکان لە ناوچەکەدا هێشتا رووبەڕووی هێرش دەبنەوە.