ناتانیاهۆ: رێگە نادەم دەوڵەتی فەڵەستین دروست بێت

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رەتیکردەوە هیچ دەوڵەتێکی فەڵەستینی دابمەزرێت کە ئێران کۆنترۆڵی بکات.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ شەممە 22ـی ئابی 2026، لە لێدوانێکدا رایگەیاند، "تا ئەو کاتەی من لە پۆستی سەرۆکوەزیران بمێنمەوە، دەوڵەتێکی فەڵەستینی دروست نابێت، کە ئێران کۆنترۆڵی بکات، نە لە غەزە و نە لە کەرتی رۆژئاوا".

ئەم لێدوانەی ناتانیاهۆ لە چوارچێوەی هەڵوێستە دووبارەکانی دێت کە تیایدا رەتی دەکاتەوە، رێگە بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی بدات، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بۆنەکانی پێشوودا جەختی لەوە کردبووەوە، ئەو خاکە موڵکی ئەوانە و پارێزگاری لە میرات و ئاسایشی نیشتمانیی خۆیان دەکەن.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشتریش رایگەیاندبوو، دەوڵەتی فەڵەستینی دانامەزرێت، تەنانەت ئەگەر پەیوەندییەکانی تەلئەڤیڤ لەگەڵ سعوودیە ئاسایی بکرێنەوە.

ناتانیاهۆ لە لێدوانێکی جیادا هۆکاری ئەو هەڵوێستەی روونیکردەوە و گوتی: "ئێمە دەزانین ئامانجی دەوڵەتی فەڵەستینی لەناوبردنی دەوڵەتەکەی ئێمەیە، بۆیە رێگە بە دروستبوونی دەوڵەتێکی لەو شێوەیە نادەم".