هەولێر ئامادەکارییەکانی بۆ یادی لەدایکبوونی پێشەوای مرۆڤایەتی دەستپێدەکات
شاری هەولێر لە ئەمشەوەوە بە دیمەنێکی پڕ لە رازاوەیی، خۆی بۆ پێشوازیکردن لە یادی پڕشنگداری لەدایکبوونی پێشەوای مرۆڤایەتی، حەزرەتی محەمەد (دروودی خوای لەسەر بێت) ئامادە دەکات.
بە رازاندنەوەی شەقامە سەرەکییەکان، بازاڕ و قەڵا، لە ئەمشەوەوە لە پایتەختی هەرێمی کوردستان، ئامادەکارییە بەرفراوانەکان بۆ پێشوازیکردن لە یادی لەدایکبوونی فەخری کائینات و پێشەوای مرۆڤایەتی، سەروەرمان حەزرەتی محەمەد (دروودی خوای لەسەر بێت) دەستیان پێکرد، کە بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو، رێکەوتی 25ـی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.
شارستانیەتی هەولێر و یادی مەولوودی پیرۆز خاوەنی پەیوەندییەکی مێژوویی و رۆحیی زۆر قووڵن، لە رووی مێژووییەوە، شاری هەولێر بە پێشەنگی جیهانی ئیسلامی دادەنرێت لە رێکخستنی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەردا؛ بە جۆرێک لە سەردەمی فەرمانڕەوایی سوڵتان موزەفەر، هەولێر یەکەمین شار بوو کە ئەم یادەی بە فەرمی و بە شێوازێکی جەماوەری و بەفراوان بۆ خەڵکی ناوچەکە و دەرەوە رێکخست، کە تاوەکوو ئێستاش ئەم مێژووە زێڕینە لە دڵی قەڵا و منارەی شارەکەدا دەنگ دەداتەوە.
وەک نەریتێکی ساڵانەی دێرین، لەگەڵ رازاندنەوەی شار (قەڵای دێرینی هەولێر) بە رووناکی و گڵۆپی رەنگاوڕەنگ، بازاڕی شار و دەوروبەری قەڵا بە تابلۆی سەڵاوات و مرواریی گوزارشتە ئیسلامییەکان خەمڵێنراون.
هاوکات لایەنی مرۆیی، بەخشین و خواردن دابەشکردن وەک بەشێکی سەرەکی لەم یادە دەردەکەون؛ بە شێوەیەک سەرمایەداران، خاوەن چێشتخانەکان، دوکانداران و هاووڵاتییانی خۆبەخش، ئامادەکاری دەکەن بۆ دابەشکردنی خواردنی گەرم و شیرینی بە تایبەت: پاقڵاوە، لوقم و چوکلێت بەسەر هاووڵاتییاندا، وەک نیشانەیەک بۆ بەخشندەیی و میهرەبانیی پەیامی ئیسلام.
لە لایەکی دیکەوە، مزگەوت و تەکیەکانی پارێزگای هەولێر خۆیان بۆ سازکردنی کۆڕی گەورەی مەولوودنامە، زیکر و گوتارخوێندنەوە ئامادە دەکەن. لەو رۆژە پیرۆزەدا، هاووڵاتییان بە گڕوتین و سۆزێکی رۆحیی بێپایانەوە، بە پۆشینی جلوبەرگی رەسەنی کوردی، بەشداری لەم یادە گەورەیەدا دەکەن و بە دەنگی تەکبیرات و سەڵاواتدان لەسەر گیانی پاکی پێغەمبەر محەمەد (دروودی خوای لەسەر بێت)، دیمەنێکی بێوێنە لە تەبایی و پێکەوەژیان لە پایتەختدا تۆمار دەکەن.
رۆژی (12ـی رَبِيعِ الْأَوَّلِ)ـی هەموو ساڵێک، رۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام محەممەدە (د.خ)، کە بە یەکێک لە گرنگترین بۆنە ئایینییەکان لە جیھانی ئیسلامیدا دادەنرێت. لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، بە بۆنەی ئەم رۆژە پیرۆزەوە پشووی فەرمییە.
هەموو ساڵێک سەرجەم بۆنە کۆچییەکان وەک: مەولوود، جەژنی رەمەزان، جەژنی قوربان. 11 رۆژ بەرەو پێشەوە دەچن لە ساڵنامەی زایینی.


