گومرگ لەسەر بەنزین هەڵدەگیرێت؛ دۆسیەی جومەیلیش هۆکارێکی گرانیی بەنزینە
لە کاتێکدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێی لێخۆشبوون لە باج و گومرگ دەکات بۆ هاوردەکردنی بەنزین بە ئامانجی دابەزاندنی نرخەکەی، بەغدا نەک تەنیا پشکی هەرێم لە بەنزینی هاوردەکراو و بودجەی سەروەری نادات، بەڵکوو رێگریی تووند لە هێنانی هەر جۆرە سووتەمەنییەکی ناوخۆیی بۆ شارەکانی کوردستان دەکات.
هەوڵەکانی حکوومەت بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، پێشنیازێک خراوەتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی گومرگ و باج لەسەر هاوردەکردنی بەنزین هەڵبگیرێت. بڕیاردان لەسەر ئەم پرسە راستەوخۆ لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانە نەک وەزارەتی سامانە سروشتییەکان.
چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەم پێشنیازە بدات و ئەوپەڕی ئاسانکاری بۆ بازرگانان بکات بۆ هاوردەکردنی سووتەمەنی.
هاوردەکانی بەنزینی سوپەر
هەرچەندە پرۆسەی گواستنەوەی سووتەمەنی لە دەرەوە کاتی دەوێت، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا نزیکەی 50 ملیۆن لیتر بەنزینی سوپەر گەیشتووەتە بازاڕەکان، بەمەش نرخی یەک لیتر لە 2800 دینارەوە بۆ 1900 دینار دابەزیوە.
ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە یەک ملیۆن و 750 هەزار لیتر بەنزینی ناوخۆیی و دوو ملیۆن لیتر بەنزینی پاڵپشتیکراو بە 750 دینار دەداتە هاووڵاتییان، ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ لە رێگەی بازرگانانەوە دابین دەکرێت.
گەندەڵییەکانی بەغدا و رێگرییەکان لە کوردستان
لە ماوەی رابردوودا بازرگانانی کورد بڕێکی زۆری بەنزینیان لە پاڵاوگەی بێجییەوە دەهێنایە هەرێمی کوردستان. دوای ئاشکرابوونی دۆسیەی گەندەڵییەکانی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت و بەرپرسی پاڵاوگەکە، مامەڵەکردنی بازرگانی لەوێ راگیرا و ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی بەنزین و گرانبوونی نرخەکەی لە کوردستان.
ئێستا حکوومەتی عێراق رێگریی تەواو دەکات و ناهێڵێت یەک لیتر بەنزین لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە بێتە هەرێمی کوردستان. بۆ نموونە، هێزە ئەمنییەکان لە بازگەی تازەی کەرکووک دەستیان بەسەر هەزار لیتر بەنزینی شۆفێرێکی پاسی گەشتیاریدا گرت و بڕی 12 ملیۆن دینار سزایان دا، سەرەڕای ئەوەی بەنزینەکەی بۆ پێداویستیی ئۆتۆمبێلەکەی خۆی کڕیبوو لە کاتی گەڕانەوەی لە شاری کەربەلا نەک بۆ کاری بازرگانی.
بێبەشکردنی هەولێر لە بەنزینی هاوردەکراو
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی کوردستان24، عێراق رۆژانە پێنج ملیۆن لیتر بەنزین لە کۆمپانیای ئەدنوکی ئیماراتی دەکڕێت، نرخی یەک لیتر دوو هەزار و 850 دینار لەسەر دەوڵەت دەکەوێت و بە 450 دینار دەیداتەوە هاووڵاتییانی خۆی. بۆ ئەم مەبەستە رۆژانە زیاتر لە 14 ملیار دینار لە بودجەی سەروەری خەرج دەکرێت.
بەپێی یاسا دەبوو رێژەی 16.67%ـی ئەو بڕە پارەیە یان ئەو سووتەمەنییە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، واتە رۆژانە نزیکەی دوو ملیار دینار یان 650 هەزار لیتر بەنزین، بەڵام بەغدا یەک دینار یان یەک لیتر بەنزین ناداتە هەولێر.
ئەم راستییە ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە باس لەوە دەکەن ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت بداتە بەغدا ئەوا رۆژانە حەوت ملیۆن لیتر بەنزین وەردەگرێت، چونکە خودی عێراق توانای پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی نییە و ناچارە ملیاران دینار بۆ کڕینی بەنزین لە دەرەوە خەرج بکات.