سوپای پاسداران: ئامادەین بۆ وەڵامدانەوەی هێرش و هەڕەشەکانی دوژمن

گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کەرەج، کاردانەوەی توندی بەرامبەر بەو جەنگە ئابوورییەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا راگەیاند، ، جەختیکردەوە، هێزەکەیان بۆ هەر هەنگاوێکی دوژمنکارانەی ئەمریکا ئامادەیی هەیە.

یەکشەممە 23ـی ئابی 2026، حوسێن موحیبی گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران، گوتی: "ئێمە بۆ هەر هەنگاوێکی دوژمنکارانەی دوژمن، سیناریۆمان هەیە و جەنگی ئابووریش یەکێکە لەو هەنگاوە دوژمنکارانەیە". ئەو بەرپرسە ئێرانییە روونیکردەوە، تاران سیناریۆی تایبەتی بۆ بەرپەرچدانەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی جەنگی ئابووری هەیە و بەهۆی توانای دامەزراندنی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ وڵاتان، هیچ نیگەرانییەکی لەو رووەوە نییە.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، گوتەبێژی سوپای پاسداران دەستپێکردنی جەنگی ئابووری لەلایەن واشنتنەوە بە دانپێدانانێکی ناڕاستەوخۆ بە شکستە سەربازییەکانی ئەمریکا وەسف کرد، موحیبی لەو بارەیەوە گوتی: "ئەگەر ئەوان لە بواری سەربازیدا سەرکەوتوو بوونایە، پێویست نەدەکرد پەنا بۆ جەنگی ئابووری ببەن".

موحیبی روونیکردەوە، گوشارە ئابوورییەکان بۆ تاران شتێکی نوێ نییە و رایگەیاند، ماوەی 47 ساڵە ئەمریکا جەنگی ئابووری بەڕێوەدەبات و گەمارۆی لەسەر سەرجەم سێکتەرەکانی ئابووریی ئێران داناوە.

 هاوکات عەبباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە هەڕەشەی سەپاندنی گەمارۆی نوێی ئەمریکای رەتکردەوە و بە نیشانەی نائومێدی وەسفی کرد، عێراقچی جەختیکردەوە، ئەو رێوشوێنانەی ئەمریکا ناتوانن تاران تێکبشکێنن.

ئەم هەڵوێستانە لەکاتێکدان، سکۆت بیسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی توندترین گەمارۆکانی مێژووی لە دژی ئێران کردووە، بڕیارە سبەی دووشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وردەکاریی زیاتری لەبارەوە بخاتەڕوو، هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری داوەتە هەر وڵاتێک کە پاڵپشتییەکی گرنگ بۆ ئێران دابین بکات.

ئەم جموجووڵانە لە کاتێکدان، ئابووریی ئێران بەهۆی گەمارۆ نێودەوڵەتی و ئەمریکییەکانەوە رووبەڕووی گوشاری زۆر بووەتەوە، هاوکات لەوەتەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتەوە هێرشیان کردووەتە سەر ئێران، ژێرخانی ئەو وڵاتە بەردەوام کەوتووەتە بەر هێرش. 

سەرەڕای ئەم دۆخە، تاران نزیکەی شەش مانگ دوای دەستپێکردنی جەنگەەکە، هەڵوێستێکی بەرگرییانە گرتووەتەبەر، ئەم جەنگە بووەتە هۆی راگرتنی نزیکەی تەواوی جموجووڵی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، بەو پێیەی ئێران رێگەی نەداوە تانکەرە نەوتییەکان بەو رێڕەوە ئاوییەدا تێپەڕن کە بۆ هەناردەکردنی نەوتی جیهانی خاوەن بایەخێکی ستراتیژییە.