عاسم مونیر سەردانی تاران دەکات
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان، سبەی دووشەممە بە سەرۆکایەتی شاندێکی فەرمی سەردانی تاران دەکات، بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران کۆببێتەوە.
یەکشەممە 23ـی ئابی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران روونیکردەوە، سەردانەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی پاکستانە بۆ پتەوکردنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکە، هاوکات لەگەڵ تاوتوێکردنی رێگەکانی پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگی لە نێوان هەردوو وڵات.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن لە بەرزبوونەوەدان و ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێران دەکات، لەم نێوەندەدا پاکستان رۆڵی نێوەندگیری لە پەیوەندی و دانوستانەکانی نێوان هەردوو لایەن دەگێڕێت.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران شەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ عاسم مونیر کرد و تێیدا دوایین پێشهاتە هەرێمییەکانیان تاوتوێکرد. ئیسلامئاباد لە هەوڵی ئەوەدایە ببێتە پاڵنەرێک بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و دەستپێکردنەوەی رێڕەوی دیپلۆماسی لە نێوان تاران و واشنتن.
چاوەڕواندەکرێت گفتوگۆکانی عاسم مونیر لە تاران پێشهاتەکانی ململانێ و گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لەخۆبگرێت. ئەم سەردانە لە چوارچێوەی هەوڵێکدایە بۆ کۆنترۆڵکردنی پەرەسەندنەکان و خۆبەدوورگرتن لە فراوانبوونی رەهەندی گرژییەکان لە ناوچەکە.