%55ـی کارەبای عێراق بە نایاسایی بەفیڕۆ دەچێت
روانگەی ئیکۆ عێراق رایگەیاند، نزیکەی 55%ـی ئەو وزەی کارەبایەی لە عێراق بەرهەم دێت، بەهۆی سەرپێچی لە تۆڕەکان و بەکارهێنانی نایاسایی کارەبا بەفیڕۆ دەچێت.
یەکشەممە 23ـی ئابی 2026، روانگەی ئیکۆ عێراق، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەرهەمی ئێستای عێراق نزیکەی 26 هەزار مێگاوات کارەبایە، لە کاتێکدا پێداویستیی وڵاتەکە لە لووتکەی گەرمی وەرزی هاویندا دەگاتە نزیکەی 60 هەزار مێگاوات.
روانگەی ئیکۆ عێراق روونیکردەوە، ئەو رێژە زۆرەی بەفیڕۆچوون لە کاتی گواستنەوە و دابەشکردندا بەهۆی سەرپێچییەکان و بەستنی نایاسایی و نەبوونی سیستەمی پێوانەکردنەوە روودەدات، ئەم دۆخە کورتهێنانی راستەقینەی وزەی بەردەست بۆ بەکارهێنەران قووڵتر دەکاتەوە.
بەگوێرەی روانگەی ئیکۆ عێراق، وەزارەتی کارەبا یەکێکە لەو کەرتانەی سەرچاوەی دارایی زۆر بەفیڕۆ دەدات، لە کاتێکدا هاووڵاتییان باری دارایی تێچووی کارەبای حکوومی و تێچووی مۆلیدە ئەهلییەکان لە ئەستۆ دەگرن.
ئەو روانگەیە ئاشکرایکرد، خەرجیی مانگانەی کەرتی کارەبا لە 200 ملیار دینار تێپەڕ دەبێت، ئەم ئاستە لە خەرجی، گومان لەبارەی کارایی خەرجکردن و چالاکیی سیستەمی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردن و کۆکردنەوەی پارەی کارەبا دروست دەکات.
لە کۆتاییدا روانگەی ئیکۆ عێراق داوای لە حکوومەت کرد کەرتی کارەبا بە شێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ و رێکخراو تایبەت بکات یان بدرێت بە کەرتی تایبەت، ئاماژەی بەوەشكرووە ئامانج لەو هەنگاوە، بەرزکردنەوەی کارایی بەرهەمهێنان و دابەشکردن و کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوون و کۆتاییهێنان بەو دۆخەیە کە هاووڵاتییان تێیدا تێچووی کارەبای حکوومی و مۆلیدە ئەهلییەکان پێکەوە دەدەن.