هەولێر.. پڕۆژەیەکی ستراتیژی شەقامەکانی 120 و 150مەتری بە یەکەوە دەبەستێتەوە

پڕۆژەیەکی ستراتیژیی رێگاوبان لە شاری هەولێر کە هەردوو شەقامی بازنەیی 120 مەتری و 150 مەتری بە یەکەوە دەبەستێتەوە، گەیشتووەتە قۆناخەکانی کۆتایی و تا ئێستا 65%ـی کارەکانی جێبەجێ کراون، بڕیاریشە لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا بە رووی هاووڵاتییاندا بکرێتەوە.

لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی پەرەپێدانی ژێرخانی رێگاوبان لە شاری هەولێر، پڕۆژەیەکی ستراتیژیی گرنگ کە شەقامی بازنەیی 120 مەتری و 150 مەتری بە یەکەوە دەبەستێتەوە، لە قۆناخی کۆتاییدایە.

ئەم پڕۆژەیە کە لە رێگەی شەقامێکی 60 مەترییەوە جێبەجێ دەکرێت، تا ئێستا %65ـی کارەکانی تەواو بووە و تەنیا 35%ـی ماوە؛ بڕیاریش وایە لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بە تەواوی کۆتایی پێبێت.

پڕۆژەکە کە زیاتر لە شەش مانگە کاری تێدا دەکرێت، جیا لە دروستکردنی شەقام، چەندین کەرتی دیکەی گرنگی وەک ئاوەڕۆی لولەیی، تۆڕی دابەشکردنی ئاو و بەستەری شەقامە ناوخۆییەکان لەخۆ دەگرێت، کە بە گشتی دەبێتە هۆی ئاسانکاریی زۆر لە هاتوچۆی هاووڵاتییاندا.

ئەیوب کاکەڵڵا، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی کوردستان24 رایگەیاند: "پڕۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی شەقامێک بە درێژیی 6 هەزار و 450 مەتر، کە ڕووبەری قیرتاوکردنەکەی نزیکەی 21 هەزار مەتر دەبێت. هەروەها دروستکردنی دیواری پاڵپشت بە درێژیی 525 مەتر و ئاوەڕۆی سندووقی بە درێژیی هەزار و 319 مەتری تێدا جێبەجێ دەکرێت." 

ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەکە لە سێ بەشی سەرەکیی ئاوەڕۆی لولەیی و تۆڕی ئاو پێکدێت، کە ئەمەش مەترسییەکانی دروستبوونی لافاو لە ناوچەکەدا کەم دەکاتەوە. هاوژین لەگەڵ ئەمەشدا، کارەکانی بەربەستی رێگە، هێڵکاریی هاتوچۆ و سیستمی رووناککردنەوەی شەقامەکەش لە قۆناخی جێبەجێکردندان.

لە لایەکی دیکەوە، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، دەربارەی رەهەندە شارستانییەکانی ئەم پڕۆژەیە بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئەم شەقامە تەنیا بۆ بەستنەوەی دوو شەقامی 120 مەتری و 150مەتری نییە، بەڵکو کارئاسانیی گەورە بۆ ئەو هاووڵاتییانەش دەکات کە لەو ناوچەیەدا خاوەن زەوین، بۆ ئەوەی لە ئاییندەیەکی نزیکدا بتوانن دەست بە دروستکردنی خانوو بکەن."

هاوکات دەشڵێت: پڕۆژەکە لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بە گوژمەی زیاتر لە 36 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت.

هەرچەندە ماوەی 450 رۆژ بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە دیاریکرابوو، بەڵام بەهۆی خێرایی لە بەڕێوەچوونی کارەکاندا، زۆر زووتر لە کاتی دیاریکراوی خۆی دەکەوێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە.