لە یادی مەولووددا پشکنینی تەندروستی بەخۆڕایی بۆ هاووڵاتییان لە سەنتەری هەولێر دەکرێت
لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)، وەزارەتی ئەوقاف و دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکەن، ئەمساڵ یادی مەولوود لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بێوێنە و جیاواز دەبێت؛ هەولێریش وەک ناوەندێکی مێژوویی و هەرێمی بۆنەکە، بێجگە لە سازکردنی کۆڕی ئایینی و رازاندنەوەی شار، خزمەتگوزاریی تەندروستیی بەخۆڕایی بۆ هاووڵاتییان دابین دەکات و کار بۆ گەشەپێدانی گەشتوگوزاری ئایینی دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ـی ئابی 2026، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئەمساڵ یادی مەولوود جیاواز دەبێت و لە سەرتاسەری مزگەوتەکان لەم رۆژە یادەکە بەرز ڕادەگیرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاماژەی بەوە کرد، هەولێر بووەتە ناوەندێکی تایبەت بە یادکردنەوەی مەولوود، نەک تەنیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڵکو لە تەواوی وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف باس لەوە دەکات، لەگەڵ ناوەندێکی تەندروستی لە هەولێر رێککەوتوون کە رۆژی مەولوود لەنێو سەنتەری شاری هەولێر پشکنینی گشتیی و شەکرە و پەستانی خوێن بە خۆڕایی بۆ تەواوی هاووڵاتییان بکرێت، کە ژمارەیەک پزیشکی پسپۆڕ و شارەزان و شوێنێکی تایبەتیان بۆ ئامادە دەکرێت.
گەشەپێدانی گەشتوگوزاری ئایینی و ئامادەکردنی رێبەری تایبەت
دەربارەی مەولوود و راکێشانی گەشتیاران، ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: هەرێمی کوردستان خاوەنی ژمارەیەکی زۆری پێگەی ئایینییە کە بووەتە هۆی راکێشانی گەشتیاران، چونکە ئەو گەشتیارانەی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، سەردانی پێگە ئایینییە دێرینەکان دەکەن، وەک مزگەوتی سەر قەڵای هەولێر و مزگەوتی گەورەی سلێمانی و پەرستگای لالش و ژمارەیەک کەنیسە و دێر هەن، کە مێژوویەکی زۆر کۆنیان هەیە، ئەمە جگە لە تەکیەی بیارە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، دەستەی گەشتوگوزار کار بۆ ئەوە دەکات رێبەرێکی تایبەتی گەشتیاری ئایینی هەبێت، بۆ ئەوەی زیاتر بتوانین سەرنجی گەشتیاران رابکێشین.
دەربارەی مەولوود، ئیبراهیم عەبدولمەجید رایگەیاند: دەکرێت مەولوود وەک هەر بۆنەیەکی دیکەی ئایینی سوودی لێ وەربگیرێت بۆ راکێشانی گەشتیاران لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی بۆ هەولێر، چونکە هەولێر بووەتە مۆرکێکی تایبەت و ناوەندێکی گرنگ بۆ ئەم یادە.
شارستانیەتی هەولێر و یادی مەولوودی پیرۆز خاوەنی پەیوەندییەکی مێژوویی و رۆحیی زۆر قووڵن، لە رووی مێژووییەوە، شاری هەولێر بە پێشەنگی جیهانی ئیسلامی دادەنرێت لە رێکخستنی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەردا؛ بە جۆرێک لە سەردەمی فەرمانڕەوایی سوڵتان موزەفەر، هەولێر یەکەمین شار بوو کە ئەم یادەی بە فەرمی و بە شێوازێکی جەماوەری و بەفراوان بۆ خەڵکی ناوچەکە و دەرەوە رێکخست، کە تاوەکوو ئێستاش ئەم مێژووە زێڕینە لە دڵی قەڵا و منارەی شارەکەدا دەنگ دەداتەوە.
وەک نەریتێکی ساڵانەی دێرین، لەگەڵ رازاندنەوەی شار (قەڵای دێرینی هەولێر) بە رووناکی و گڵۆپی رەنگاوڕەنگ، بازاڕی شار و دەوروبەری قەڵا بە تابلۆی سەڵاوات و مرواریی گوزارشتە ئیسلامییەکان خەمڵێنراون.
لە لایەکی دیکەوە، مزگەوت و تەکیەکانی پارێزگای هەولێر خۆیان بۆ سازکردنی کۆڕی گەورەی مەولوود نامە، زیکر و گوتارخوێندنەوە ئامادە دەکەن. لەو رۆژە پیرۆزەدا، هاووڵاتییان بەگڕوتین و سۆزێکی رۆحیی بێ پایانەوە، بە پۆشینی جلوبەرگی رەسەنی کوردی، بەشداری لەم یادە گەورەیەدا دەکەن و بە دەنگی تەکبیرات و سەڵاواتدان لەسەر گیانی پاکی پێغەمبەر محەمەد (دروودی خوای لەسەر بێت)، دیمەنێکی بێوێنە لە تەبایی و پێکەوەژیان لە پایتەختدا تۆمار دەکەن.
رۆژی (12ـی ڕَبِیعِ الْأۆّلِ)ی هەموو ساڵێک، رۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام محەممەدە (د.خ)، کە بە یەکێک لە گرنگترین بۆنە ئایینییەکان لە جیهانی ئیسلامیدا دادەنرێت. لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی ئەم رۆژە پیرۆزەوە پشووی فەرمییە.