لاڤرۆڤ: ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا دژایەتی مۆسکۆ دەکەن

وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپا ناتوانن لە بەرپرسیارێتیی یارمەتییە سەربازییەکانیان بۆ ئۆکرانیا و هەڵوێستە دوژمنکارییەکانیان بەرامبەر مۆسکۆ خۆیان بدزنەوە.

یەکشەممە 23ـی ئابی 2026، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی ڤێست جەختی کردەوە، رووسیا چاودێریی وردی سەرجەم ئەو هەنگاوانە دەکات کە دەستەبژێرە دوژمنکارەکانی رووسیا لە بەریتانیا، برۆکسل، پاریس، بەرلین و وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپا بە ئاشکرا دەیانکات.

وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتی: "ئەوان ئاگاداری کردارەکانی خۆیانن و هەوڵدەدەن بە ئاشکرا و پێشوەختە خۆیان لە بەرپرسیارێتی بدزنەوە، بەڵام ئەو هەوڵە سەرکەوتوو نابێت".

لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی دی ڤێلتی ئەڵمانی لە راپۆرتێکدا پێشبینی کردووە پشتیوانییەکانی ئەوروپا بۆ ئۆکرانیا لە ماوەی داهاتوودا کەم ببنەوە، ئەم پێشبینییە بەهۆی گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوە سیاسییەکان لە چەند وڵاتێکی ئەوروپایی و کەمبوونەوەی جەماوەریی ئەو لایەنانە هاتووە کە پشتیوانی لە کیێڤ دەکەن.

رۆژنامەکە بڵاویکردەوە، پشتیوانیی یەکێتیی ئەوروپا بۆ ئۆکرانیا رووی لە کەمبوونەوە کردووە و لەم چوارچێوەیەشدا هەڵوێستی هەنگاریای بە نموونە هێناوەتەوە، بەگوێرەی راپۆرتەکە، پیتەر ماگیار، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا دووپاتی کردووەتەوە وڵاتەکەی مامەڵەی تایبەت لەگەڵ ئۆکرانیا ناکات.

هاوکات لە کاتێکدا ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی ناکۆکی لەگەڵ هاوبەشەکانی دروست دەکات، رۆژنامەکە روونیکردەوە، ئەو قەناعەتەی زێلینسکی کە پێیوایە نوێنەرایەتیی دوا قەڵای ئەوروپا دەکات بەرامبەر بە هەڕەشەی رووسیا، بووەتە هۆی دروستبوونی بێزاری لەنێو ئەندامانی یەکێتیی ئەوروپادا.

رووسیا چەندین جار هۆشداریی داوەتە وڵاتانی رۆژئاوا کە رەوانەکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا بارودۆخی مەیدانی جەنگەکە ناگۆڕێت و تەنیا دەبێتە هۆی درێژخایەنکردنی ململانێکە.