جۆنسن: پێویستە پێش هەڵبژاردنی کۆنگرێس کۆتایی بە دۆخی ئێران بهێنرێت
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند، کۆتاییهێنان بەو دۆخەی پەیوەستە بە ئێران پێش هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس لە مانگی نۆڤەمبەردا، کارێکی سوودبەخش دەبێت.
یەکشەممە 23ـی ئابی 2026، مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری بەردەوامی گرژییەکانی پەیوەست بە ئێران و کاریگەرییەکەی لەسەر کۆنترۆڵکردنی کۆنگرێس لەلایەن کۆمارییەکانەوە، گوتی: "بە دڵنیاییەوە سوودبەخش دەبێت کە ئەو بابەتە لە 73 رۆژی داهاتوودا چارەسەر بکرێت، ئەگەر چارەسەریش نەکرێت، ئەوا ئێمە سەرکەوتوو دەبین، چونکە سەری مارەکەمان بڕیوە".
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دڵنیابووەتەوە لەوەی ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی نەگات. جۆنسن روونیکردەوە، رێگریکردن لە ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی ئامانجی ئیدارەکانی پێشووی ئەمریکا بووە لە 50 ساڵی رابردوودا، هاوکات رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ ئەو کارەی کردووە و ئێستا پێویستە بابەتەکە چارەسەر بکرێت.
جۆنسن پێی وایە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەم زووانە دەچێتە قۆناغێکی نوێ لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، بەڵام دووپاتیکردەوە، هێشتا نەوت لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕ دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا گوتی: "ئێمە هەنگاو بە هەنگاو کارەکە دەکەین، بەڵام ناتوانین متمانە بە ئێرانییەکان بکەین کە لە دیوی بەرامبەری مێزی دانوستاندان. ئەم دۆخە بووەتە ئاستەنگ و بڕوام وایە وڵاتانی هاوپەیمان لە قۆناغی داهاتوودا بۆ کۆتاییهێنان بەو بابەتە یارمەتیدەر دەبن".