دەم پارتی: هیچ لایەنێک بۆی نییە ژیانی هاووڵاتییانی کورد بخاتە مەترسییەوە

"لە بەرامبەر رەگەزپەرستیدا بێدەنگ نابین"

پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر کرێکارانی کورد لە پارێزگاکانی زۆنگولداگ و دوزجەی تورکیا دەکات و هۆشداری دەدات کە ناساندنی ئەم رووداوانە وەک "کێشەی تاکەکەسی و ئاسایی"، نیشانەیەکی مەترسیداری عەقڵییەتێکی رەگەزپەرستانەیە.

 یەکشەممە، 23ـی ئابی 2026، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی)، لە راگەیەنراوێکدا سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر کرێکارانی کورد لە پارێزگاکانی زۆنگولداگ و دوزجەی تورکیا دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەم جۆرە توندوتیژییانە بە هیچ شێوەیەک قابیلی قبووڵ نین.

دەم پارتی جەخت دەکاتەوە، پێناسەکردنی ئەم هێرشانە یاخود ناساندنی وەک "رووداوی تاکەکەسی و کاتی"، نیشانەیەکی روونی بوونی عەقڵییەتێکی مەترسیداری رەگەزپەرستی و جیاکارییە لە سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا.

دەم پارتی ئاماژەی بەوە کردووە، لەم قۆناخە هەستیارەی وڵات پیدا تێپەڕ دەبێت، نابێت بە هیچ شێوەیەک رێگە بەو لایەن و تاقمانە بدرێت کە ئامانجیان دروستکردنی دووبەرەکی و پێشێلکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانە.

دەشڵێت: "هیچ کەسێک بۆی نییە هەڕەشە لە هاووڵاتییانی کورد بکات لە ناوخۆی وڵاتی خۆیاندا، یان هانی هێرشکردنە سەر مافی ژیان و کارکردنیان بدات."

پارتەکە داوا لە دەسەڵاتە پەوەندیدارەکان دەکات کە بە پەلە لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر و ورد لە سەرجەم رەهەندەکانی ئەم هێرشانە دەستپێبکەن، بە جۆرێک کە سەرجەم ئەنجامدەران و پلاندانەرانی پشت ئەم توندوتیژییانە لەبەردەم یاسادا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

هاوکات، دەم پارتی داوای دانبەخۆداگرتن، هۆشیاری و بەهێزکردنی ئیرادەی پێکەوەژیانی هاوبەش لە دژی هەر جۆرە توندوتیژییەک دەکات و رایدەگەیەنێت: "لە بەرامبەر رەگەزپەرستیدا بێدەنگ نابین و هاووڵاتییە لێقەوماوەکانمان بە تەنیا جێناهێڵین."

 پارتەکە دووپاتی دەکاتەوە، کە وەک لایەنێکی سیاسی بەدواداچوونی تەواو بۆ کاردانەوە یاساییەکانی ئەم بابەتە دەکات و بەردەوام دەبێت لە تێکۆشانی بڕوابەخۆ لە دژی تاوانەکانی رق، کینە و رەگەزپەرستی.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ لە ناوچەی ئالاپلی سەر بە پارێزگای زۆنگولداگی تورکیا، لە لایەن چەند کەسێکەوە هێرشکرایە سەر چەند منداڵێکی کورد و، ئەو منداڵانە کرێکار بوون.