ئێران: هەر کەشتییەک پێشێلکاری بکات رووبەڕووی سزای دارایی دەبێتەوە
تاران هۆشدارییەکی توندی بۆ ئەو کەشتییانە بڵاوکردەوە کە هاوکاریی ئەو کەشتییە بازرگانییانە دەکەن رێوشوێنەکانی ئێران لە گەرووی هورمز پێشێل دەکەن. دەستەی بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز جەختیکردەوە، هەر کەشتییەک هاوکاریی ئەو کەشتییانە بکات کە سەرپێچی رێکارەکان دەکەن، ناوی دەخرێتە لیستی سەرپێچیکارانەوە.
یەکشەممە 23ـی ئابی 2026، بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاویکردەوە، ئەو کەشتییانەی رێوشوێنەکانی تێپەڕین لە گەرووی هورمز پێشێل دەکەن، لە گەشتەکانی داهاتوویان رووبەڕووی سزای دارایی، دەستبەسەرداگرتن یان دەستگرتن بەسەر کەشتییەکەدا دەبنەوە.
تاران هەر جۆرە هاوکارییەک، وەک گواستنەوەی کاڵا لە کەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی دیکە یان ترانزێت لەگەڵ کەشتییە نایاساییەکان، بە سەرپێچی هەژمار دەکات. لەم چوارچێوەیەدا، دەستەکە داوای لە خاوەن کاڵاکان کردووە پێش بەکرێگرتنی هەر کەشتییەک بۆ ناوچەی کەنداو، سەیری لیستی نوێکراوەی سەرپێچیکاران بکەن بۆ ئەوەی تووشی کێشە نەبن.
هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، سێنتکۆم، ئاشکرایکرد، لەو کاتەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران نوێکراونەتەوە، هێزەکانیان 70 کەشتیی بازرگانییان ناچارکردووە رێڕەوی خۆیان بگۆڕن، ئەمەش ئاستی بەرزی گرژییەکان لە ناوچەکە نیشان دەدات.
سەرەڕای ئەوەی لە نیسان و حوزەیرانی رابردوودا رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران بە ئامانجی گەڕاندنەوەی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز واژۆکرا، بەڵام ئەو رێککەوتنانە شکستیان هێناوە و ململانێی نێوان هەردوو وڵات لەم رێڕەوە ستراتیژییەدا بەردەوامە.