ئەعرەجی: 30ـی ئەیلوول دەبێتە سەرەتای قۆناخی کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، 30ـی ئەیلوول وادەی کشانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە و ئەو رێکەوتە دەبێتە خاڵی دەستپێکی هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا.

یەکشەممە 23ـی ئابی 2026، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی سەرۆکوەزیرانی عێراق، جەختی لەسەر پێویستیی کۆتاییهێنان بە پەیوەندیی نێوان پارتە سیاسییەکان و لیواکانی حەشدی شەعبی کردەوە و گوتی: "شەڕی دژی داعش لە رووی سەربازییەوە کۆتاییهاتووە، بەڵام هێشتا هەندێک پاشماوەی تیرۆریستی ماون و شەڕەکە بە تەواوی کۆتایی نەهاتووە".

راوێژکاری ئاسایشی سەرۆکوەزیرانی عێراق روونیکردەوە، کۆنترۆڵکردنی چەک بڕیارێکی ستراتیژیی حکوومەتی عێراقە و بڕیاری جەنگ و ئاشتی تەنیا بەدەستی دەوڵەتە، ئەعرەجی دووپاتیکردەوە، پێویستە هەمووان لەژێر ئاڵای دەوڵەتدا بن و رێز لە سەروەریی خاکی عێراق بگرن، بەجۆرێک رێگە بە هیچ لایەنێک نەدرێت پێشێلی بکات.

سەبارەت بە میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەو پرۆسەیە، ئەعرەجی روونیکردەوە کە پرۆسەکە بە شێوەیەکی قۆناغبەندی و بەدوور لە ورووژاندن دەبێت. ئەعرەجی گوتی: "30ـی ئەیلوول وادەی کشانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە و نەک وادەی کۆتاییهاتنی ماوەی رادەستکردنی چەک".

لەبارەی حەشدی شەعبی، ئەعرەجی رایگەیاند، هەمووان لەسەر کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە کۆکن. ئەعرەجی روونیکردەوە: "گرووپەکان دوژمنی دەوڵەت نین، بەڵکو بەشێکن لێی". ئەو بەرپرسە جەختی کردەوە، رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپانە هێڵی سوورە و دەوڵەت مسۆگەرکەری مافی ئەوان دەبێت دوای رادەستکردنی چەک، هاوکات دڵنیایی دا کە هیچ قەیرانێکی سیاسی بەهۆی ئەم پرۆسەیەوە دروست نابێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەعرەجی جەختی لەسەر یەکخستنی بڕیاری سیاسی لەناو عێراقدا کردەوە و ئاشکرای کرد، پێشنیارێکیان پێشکەش بە ئێران و سعوودیە کردووە بۆ دروستکردنی ئەنجوومەنێکی هەماهەنگیی ئەمنیی یەکگرتوو. سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ئەعرەجی گوتی: "پەیوەندییەکان دوای 30ـی ئەیلوول بەهێزتر دەبن".

ئەعرەجی روونیکردەوە، ئابووری پشتیوانێکی سەرەکیی ئاسایشە و بوونی هێزی بیانی و نەگەڕانەوەی ئاوارەکان لە گەورەترین کۆسپە ئەمنییەکانی بەردەم دەوڵەتن. سەبارەت بە داهاتووی حکوومەتیش، ئەعرەجی گوتی: "سەرۆکوەزیران بۆ خولی دووەم خۆی بەربژێر ناکات و ئەو پیاوی قۆناخی ئێستایە". 

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئەعرەجی دووبارە جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەمووان بەرپرسیارێتیی پاراستنی سەروەریی عێراق لە ئەستۆ بگرن و چەک تەنیا لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا بێت.