سەردانی ویتکۆف و کوشنەر بۆ مۆسکۆ دواخرا
سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی تاسـی رووسی راگەیاند، سەردانی چاوەڕوانکراوی ستێڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا و جارید کوشنەر، زاوای دۆناڵد ترەمپ بۆ مۆسکۆ دواخراوە.
دووشەممە 24ـی ئابی 2026، سەرچاوەکە روونیکردەوە، ئەگەری ئەوە کەمە سەردانەکە پێش کۆتایی مانگی ئاب بکرێت و گوتی: "هۆکارێکی بۆ دواخستن هەیە"، بەڵام هۆکارەکەی ئاشکرا نەکرد، پێشتر سەرچاوەیەک بڵاویکردبووەوە، ویتکۆف و کوشنەر لە چوارچێوەی جووڵەکانی پەیوەست بە دۆسیەی ئۆکرانیا، لەوانەیە تا کۆتایی ئاب سەردانی کیێڤ و مۆسکۆ بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا دووپاتیکردەوە، ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا ئامادەیە جارێکی دیکە لەگەڵ نێردەکانی سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە، لاڤرۆڤ روونیکردەوە، کۆبوونەوەکە بەستراوەتەوە بە سروشتی ئەو پێشنیازانەی ئەوان لەگەڵ خۆیان دەیانهێنن.
دواخستنی سەردانەکە لە کاتێکدایە ململانێی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ لەناو خاکی رووسیا پەرەی سەندووە، هاوکات هێرشە ئۆکرانییەکان بە درۆن بۆ سەر ئامانجەکانی دوور لە هێڵەکانی بەرەی جەنگ بەردەوامن.