بازاڕی هەنجیرفرۆشان لەسەر رێگای کەرکووک - سلێمانی گەرم بووە

فێستیڤاڵی ساڵانەی هەنجیر و بەرهەمە ناوخۆییەکان لە شارەدێی قەرەهەنجیر بەڕێوەدەچێت، تێیدا جووتیاران لە رێگەی دەیان کەپرەوە بەرهەمەکانیان دەخەنەروو و داواکاریشیان دۆزینەوەی بازاڕی هەمیشەییە بۆ ساخکردنەوەی بەروبوومەکانیان.

لەم رۆژانەدا لە شارەدێی قەرەهەنجیر لە سنووری پارێزگای کەرکووک، فێستیڤاڵێکی تایبەت بۆ نمایشکردن و فرۆشتنی هەنجیر و بەرهەمە ناوخۆییەکانی دیکە بەڕێوەدەچێت.

 فێستیڤاڵەکە لەسەر رێگای سەرەکیی نێوان سلێمانی و کەرکووک کراوەتەوە، بووەتە وێستگەیەکی گرنگ بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران و راکێشانی گەشتیاران و رێبواران.

لەم فێستیڤاڵەدا زیاتر لە 60 کەپر دانراون. تێیاندا زۆرترین جۆرەکانی هەنجیری ناوچەکە، هەنگوینی سروشتی، میوەی جۆراوجۆر، کاری دەستی و خواردنە کولتوورییە کوردەوارییەکان نمایش دەکرێن و بازاڕێکی گەرمیان بۆ دروست بووە.

سەباح حاجی زایر، خاوەن باخێکی هەنجیرە و لەگەڵ هاوژینەکەی بەرهەمی باخەکەیانی لە گوندێکی شارەدێی شوانی سەر بە پارێزگای کەرکووکەوە هێناوەتە قەرەهەنجیر بۆ ئەوەی لەم بازاڕەدا بیفرۆشن. سەباح دەڵێت "سوپاس بۆ خوا بەرهەمی ئەمساڵ باشە، بەڵام بەهۆی ساردیی کەشوهەواوە پێگەیشتنی هەنجیر نزیکەی 20 رۆژ دواکەوت."

ئەو ئافرەتە جووتیارە باس لە گرنگیی بەشداریکردنی ژنان لەم جۆرە کارانەدا دەکات و دەڵێت "پاڵپشتیی ژن بۆ هاوسەرەکەی زۆر باشە، هەروەک چۆن خۆمان چوونەتە ناو کارەکەوە، دەمانەوێت ژنانی دیکەش هاوکاری هاوسەرەکانیان بن."

ناوچەی شوان و قەرەهەنجیر بە چەندین جۆری جیاوازی هەنجیر ناسراون و خواستێکی زۆریان لەسەرە. یەعقوب محەممەد خاوەن باخێکی هەنجیرە، لەبارەی جۆرەکانی هەنجیری ناوچەکەوە دەڵێت "لە بازاڕەکەدا نزیکەی چوار جۆر هەنجیر هەن، هەنجیری شینکە وردە، بەڵام زۆر شیرین و خۆشە، هەنجیری سعوودی لێرە گەورە کراوە و بەرهەمێکی زۆر بەتامە، هەروەها هەنجیری باوکی فەتاح و هەنجیری زەردە تۆخ هەن و شیرینییەکەیان بێهاوتایە."

یەعقوب محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، گوندەکانی ناوچەی شوان وەک بنە، گۆران و ساتی خاوەنی باخی زۆرن و گرنگییەکی زۆر بە بەرهەمهێنانی هەنجیر دەدەن.

جگە لە هەنجیر، هەنگوین و بەرهەمە سروشتییەکانی دیکەش جێگەی خۆیان لە فێستیڤاڵەکەدا کردووەتەوە. پشتیوان هەنگوان فرۆشیارێکی هەنگوینە، ئاماژە بەوە دەدات، بەرهەمەکانیان %100 سروشتییە و هیچ جۆرە فێڵێکی تێدا نییە و ئاماژە بەوە دەدات، "هەنگوینەکەمان خۆماڵییە و خۆم لە سنووری شارەدێیەکە بەرهەمم هێناوە."

دۆزینەوەی بازاڕی شایستە بۆ فرۆشتن و ساخکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی هەمیشە داواکاریی سەرەکیی جووتیاران بووە. دروستکردنی ئەم جۆرە بازاڕ و کەپرانە لەسەر رێگا سەرەکییەکان جگە لەوەی سوودێکی زۆری بۆ جووتیاران و خاوەنکارانی ناوچەکە هەیە، لە هەمان کاتدا قەرەهەنجیر دەکاتە ناوەندێکی گرنگی گەشتیاری.