جووتیاران پێشوازیی لە فەتوای حەرامکردنی دەرمانی قەدەخەکراوی کشتوکاڵی دەکەن
دوای ئەوەی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی فەتوایەکی بۆ حەرامکردنی فێڵکردن لە بەرهەمی کشتوکاڵی و بەکارهێنانی دەرمانی زیانبەخش دەرکرد، جووتیاران و بازرگانان پێشوازیی لێ دەکەن و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش چاودێرییەکانیان چڕتر دەکەنەوە.
لە پێناو پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان، یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان فەتوایەکی نوێی دەرکردووە. بەپێی فەتواکە ئەگەر جووتیارێک فێڵ لە گەورەکردن و پێگەیاندنی بەرهەمەکانیدا بکات، یان دەرمانی کیمیایی قەدەخەکراو بەکاربهێنێت، پارەکەی حەرام دەبێت و داهاتەکەی بە ناتەندروست دادەنرێت.
فەتوایە خزمەتێکی زۆر بە جووتیاران و کڕیاران دەکات و دەبێتە هۆی ساخبوونەوەی بەرهەمی تەندروست.
لوقمان حەکیم، جووتیارێکە و لەبارەی بڕیارەکەوە بە ئاری حوسێن، پەیامنێری کوردستان24ـی گوت، "ئەم فەتوایە بۆ ئێمەی جووتیار زۆر باشە، پێویستە هەمیشە ئەو پێداویستییانە بەکاربهێنین کە بۆ بەرهەمەکانمان تەندروستن، نەک ئەو دەرمانانەی قەدەخە کراون."
زۆرجار لەناو بازاڕەکانی فرۆشتنی سەوزە و میوەدا بەرهەمی باش و خراپ تێکەڵ دەبن، ئەمەش زیان بە فرۆشیاران دەگەیەنێت.
خەلیل لاڤۆ، خاوەنی بازاڕێکی سەوزە و میوەیە لە ئاکرێ و ئاماژە بەوە دەکات، بازاڕەکەیان پێویستی بەم جۆرە رێکارانەیە. ئەو فرۆشیارە دەڵێت "ئەو بەرهەمە خراپ و ناتەندروستانەی دەهێندرێنە بازاڕەوە، بازاڕی بەرهەمە باشەکانیش تێکدەدەن و متمانەی کڕیار لاواز دەکەن."
بەڕێوەبەرایەتیی چاندنی ئاکرێ پشتگیریی تەواوی ئەم فەتوایە دەکات و هەوڵەکانی بۆ رێگریکردن لەم دیاردەیە خستووەتە گەڕ.
کاروان جەمال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی چاندنی ئاکرێ بە کوردستان24ـی راگەیاند "ئەم فەتوایە زۆر باش بوو، هەم بۆ جووتیاران و هەم بۆ بەڕێوەبەرایەتیی چاندن. لەبەر ئەوەی تەندروستیی مرۆڤ لە هەموو شتێک گرنگترە و دەبێت بیپارێزین."
کاروان جەمال ئاماژەی بەوەش کرد، لیژنەکانیان بەردەوام بەدواداچوون بۆ بەرهەمی چاندن دەکەن بۆ ئەوەی رێگری لە بەکارهێنانی دەرمانی کیمیایی قەدەخەکراو بکەن، هەروەها جووتیارانیش هۆشیار دەکەنەوە بۆ ئەوەی خۆیان لەم کارە بپارێزن و بەرهەمی خاوێن پێشکەشی کۆمەڵگە بکەن.
لەم دواییانەدا ئەنجوومەنی باڵای فەتوا سەر بە یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، فەتوایەکی نوێی سەبارەت بە بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی لە کەرتی کشتوکاڵیدا دەرکرد.
لە فەتواکەدا هاتووە، بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی بۆ رەنگکردن، گەورەکردن، یان خێرا پێگەیاندنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وەک تەماتە، شووتی، سێو و میوەکانی دیکە "حەرامە".
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات چەندین سکاڵا لەلایەن هاووڵاتییانەوە گەیشتنە ئەنجوومەنەکە سەبارەت بە بوونی فێڵ لە بازاڕەکاندا.
ئەنجوومەنی فەتوا دوای راوێژکردن لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و دڵنیابوونەوە لە مەترسییەکانی ئەو ماددانە، بڕیارەکەی دەرکرد، چونکە ئەو دەرمانانە دەبنە هۆی نەخۆشییە مەترسیدارەکان و بەکاربردنیان دەچێتە خانەی فێڵکردن لە سەروەت و تەندروستیی خەڵک.