زانکۆی زاخۆ سێ بەشی نوێ بۆ وەرزی نوێی خوێندن دەكاتەوە
زانکۆی زاخۆ ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێی خوێندن تەواو کردووە و بۆ ئەمساڵیش سێ بەشی نوێ لە زانکۆکە کراونەتەوە
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی زانکۆی زاخۆ بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەگەڵ ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێی خوێندن (2026-2027) و دیدگای ستراتیژیی زانکۆکەیان بۆ وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی سەردەم و گەشەپێدانی توانای گەنجان، بڕیاریانداوە سێ بەشی نوێ بۆ ساڵی نوێی خوێندن بکەنەوە و قوتابیان دەتوانن خواستی خوێندن بۆ ئەو بەشانە پێشکەش بکەن.
بەشە نوێیەکانی زانکۆی زاخۆ:
1. رێنمایی دەروونی: ئامانج لە کردنەوەی ئەم بەشە ئامادەکردنی ستافی شارەزایە لە بواری تەندروستیی دەروونیدا، بۆ هاندانی بیرکردنەوەیەکی دروست و پێشکەشکردنی رێنمایی بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە لە کاتی تەنگژە و رەوشە جیاکاندا.
2. پەروەردەی تایبەت: بۆ پێگەیاندنی مامۆستا و شارەزایانی زانستی تاوەکو بتوانن بە شێوەیەکی زانستییانە مامەڵە لەگەڵ کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بکەن و تواناکانیان بەرەو پێش ببەن.
3. زانستەکانی ژینگە و تەندروستی: بۆ دروستکردنی کەسایەتیی زانستی تاوەکو بتوانن چارەسەری ژینگەیی پێشکەش بکەن و تەندروستیی گشتیی ناوچەکە و کۆمەڵگە بپارێزن.
ئەنجوومەنی زانکۆکە دووپاتیدەکاتەوە، لە دابینکردنی مامۆستا و پێداویستییەکانی بەشەکان هیچ کێشە و گرفتێکیان بۆ دروست نابێت. هەروەها بۆ وەرزی نوێی خوێندن بەشەکانی زمانی تورکی و عەرەبی لە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی زاخۆ جارێکی دیکە دەکرێنەوە.
زانکۆی زاخۆ بۆ یەکەمجار و بە فەرمی لە 8ی تەمموزی ساڵی 2010 وەک زانکۆیەکی سەربەخۆ راگەیەندرا. پێش ئەو بەروارە و لە ساڵی 2005 تەنیا دوو کۆلێژ لە شارەکە هەبوون و سەر بە زانکۆی دهۆک بوون. پاشان بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان بۆ وەڵامدانەوەی خواستی خوێندنی باڵا، بڕیاردرا زانکۆکە بە شێوەیەکی سەربەخۆ دابمەزرێت.
زانکۆکە ئێستا لە چەندین کۆلێژ و بەشی زانستی و مرۆڤایەتی پێکهاتووە، وەک کۆلێژەکانی زانست، ئەندازیاری، زانستە مرۆڤایەتییەکان، پەروەردە و کارگێڕی و ئابووری. ساڵانە نزیکەی 11 هەزار قوتابی و 600 مامۆستا و دکتۆر لەو زانکۆیە پرۆسەی خوێندن بەڕێوەدەبەن.