پشکی ئاوی عێراق لە تورکیاوە دیاری کرا
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، رایگەیاند؛ لایەنی تورکی پشکی ئاوی عێراق بەگوێرەی بنەمای هاوکێشەیە کە لە نێوان هەردوو وڵاتدا رێککەوتنی لەسەر کراوە دیاری کرد. ئامانج لەم هەنگاوە دابینکردنی پێداویستییە نیشتمانییەکانی عێراقە لە کەرتە جیاوازەکاندا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 24ـی ئابی 2026، تورهان موفتی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر هیچ پەیماننامە یان رێککەوتنێکی فەرمی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا تورکیا و ئێران نەبووە کە سەرچاوەی ئاوی عێراقن.
روونیشیکردەوە، ئێستا کارەکان لەسەر بنەمای "رێککەوتنی چوارچێوە" بەڕێوەدەچن، کە لە کۆتایی تەمەنی حکوومەتی پێشوودا واژۆ کراوە و بە هەوڵی حکوومەتی ئێستا چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە.
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە بەگوێرەی ئەم هاوکێشە نوێیە، عێراق پشکێکی مسۆگەری ئاو بەدەست دەهێنێت، بەڵام بڕەکەی جێگیر نابێت. ئەمەش یەکەمجارە لە مێژووی دۆسیەی ئاوی نێوان بەغدا و ئەنقەرەدا شێوازێکی لەو شێوەیە پەیڕەو بکرێت.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم میکانیزمە، پێویستە عێراق داتای ورد و وردەکاریی پێداویستییەکانی خۆی لە بوارەکانی (کشتوکاڵ، خواردنەوە، ئاژەڵداری، پیشەسازی و ژینگە) بۆ تورکیا بنێرێت، تاوەکو لایەنی تورکی لەسەر ئەو بنەمایە ئاو بەربداتەوە. موفتی ئاماژەی بەوەش کرد، بڕی ئاوەکە بەگوێرەی وەرز و مانگەکانی ساڵ و ئاستی بەکارهێنان، زیاد و کەم دەکات.
لە 29ـی تەممووزی 2026، رێککەوتنێکی نوێ لە نێوان فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا واژۆ کرا. بەگوێرەی زانیارییەکان، بڕیارە تورکیا قۆناخ بە قۆناخ بڕی ئاوی بەردراو بۆ عێراق زیاد بکات تا دەگاتە یەک ملیار مەتر سێجا، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی.
لەگەڵ ئەوەشدا، پسپۆڕانی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق پێیان وایە وڵاتەکە پێویستی بە دوو ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانەکەدا، ئەمەش واتای ئەوەیە رێککەوتنەکە تەنیا نیوەی پێداویستییەکان دابین دەکات.
یەکێکی دیکە لە خاڵە گرنگەکانی رێککەوتنەکە، رێگەدانە بە کۆمپانیا تورکییەکان بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی بەڕێوەبردنی ئاو و دروستکردنی ژێرخانی ئاوی لە عێراق. تێچووی ئەم پڕۆژانە لە داهاتی نەوتی عێراق دابین دەکرێت و تورکیا بۆ ماوەی 5 ساڵ سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی بەنداو و پڕۆژە ئاوییەکان دەکات، دواتر رادەستی عێراقیان دەکاتەوە.
عێراق بە خراپترین قەیرانی ئاو لە ماوەی 90 ساڵی رابردوودا تێدەپەڕێت. ئاستی ئاو لە کۆگاکاندا بۆ تەنیا 10٪ دابەزیوە، ئەمەش مەترسییەکی گەورەی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و ناوچەکانی هۆڕ لە باشووری وڵات دروست کردووە.
لە کۆتاییدا، تورهان موفتی جەختی کردەوە، تیمێکی تەکنیکی و دانوستانکاری پسپۆڕ بەردەوامن لە کۆبوونەوەکانیان بۆ رێکخستنی ئەم کاروبارانە لەگەڵ وڵاتانی تورکیا، ئێران و سووریا.