لە پێنجوێن رۆژانە بەبێ کۆبۆن بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێت
بە جیاواز لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، لە قەزای پێنجوێن رۆژانە بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومی بە نرخی 750 دینار و بەبێ بەکارهێنانی کۆبۆن و کارتی زیرەک بەسەر شۆفێراندا دابەش دەکرێت، ئەمەش وایکردووە هیچ قەیرانێکی سووتەمەنی لە سنوورەکەدا دروست نەبێت.
رزگار محەمەد ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی سووتەمەنی لە قایمقامییەتی پێنجوێن، وردەکاریی دابەشکردنی سووتەمەنی لە سنوورەکە بۆ کوردستان24 خستەڕوو و رایگەیاند، دوو رۆژ جارێک 36 هەزار لیتر بەنزینی حکوومییان بەدەست دەگات. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بڕە بەنزینەی دابین دەکرێت بەشی 750 ئۆتۆمبێل دەکات و بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک بڕی 50 لیتر دیاریکراوە.
سەبارەت بە میکانیزمی دابەشکردنی بەنزینەکە، سەرۆکی لیژنەی سووتەمەنی گوتی: "هەر دوو هەفتە جارێک شوێنی دابەشکردنی بەنزینەکە لەنێوان بەنزینخانەکاندا دەگۆڕدرێت و تەنیا لە یەک وێستگە نامێنێتەوە". روونیشیکردەوە کە شۆفێران پێویستیان بە هیچ جۆرە کۆبۆن و کارتێکی زیرەک نییە، چونکە لیژنەکان سەرپەرشتی پرۆسەکە دەکەن و شۆفێرەکان دەناسنەوە، بەو هۆیەشەوە هیچ شۆفێرێک زیاتر لە کاتژمێرێک لە نۆرەدا نامێنێتەوە.
رزگار محەمەد ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لە شۆفێرانی سنوورەکە، ئەو جووتیارانەشی بۆ کاری کشتوکاڵ روویان لە ناوچەکە کردووە، دەتوانن بەنزین وەربگرن و ئاسانکاریی تەواویان بۆ دەکرێت. هاوکات سوپاسی هاوکاریی خەڵکی ناوچەکەی کرد کە بوونەتە هۆی سەرکەوتنی پرۆسەکە و کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە.
دابەشکردنی بەنزینی حکوومی لە پێنجوێن رۆژانە لە کاتژمێر 6:30ـی بەیانی تاوەکو 12:00ـی شەو بەردەوام دەبێت، بەڵام بەپێی رێنماییەکان، بە هیچ شێوەیەک بەنزین ناخرێتە دەبەوە و تەنیا بۆ باکی ئۆتۆمبێلەکان دابین دەکرێت.