هاوکاری دارایی بۆ خانمانی خاوەنکار لە هەولێر دابین دەکرێت
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM)، پڕۆژەیەکی بۆ پاڵپشتی دارایی خانمانی خاوەنکار راگەیاند، کە تێیدا بڕی 6.5 ملیۆن تاوەکو 39 ملیۆن دینار وەک هاوکاریی بێگەڕانەوە پێشکەش بە بزنسە بچووک و مامناوەندەکان دەکرێت.
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ (IOM)، دەرفەتی هاوکاری دارایی بۆ پاڵپشتیکردن و فراوانکردنی کار و بزنسە بچووک و مامناوەندەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر دەبەخشێت. بڕی هاوکارییە داراییەکە بۆ هەر خانمێکی خاوەنکار لە 6 ملیۆن و 500 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 39 ملیۆن دینار و هاوکارییەکەش بەبێ گەڕاندنەوەیە.
پرۆسەی ناونووسین بۆ وەرگرتنی ئەو هاوکارییە داراییە دەستیپێکردووە و خانمانی خاوەنکار دەتوانن تاوەکو رێکەوتی 10ـی ئەیلوولی 2026 داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن. بەگوێرەی مەرجەکان، پێویستە پڕۆژەکە لەلایەن ئافرەتێکی عێراقییەوە خاوەندارێتی و بەڕێوەبەریی بکرێت و خاوەنی ناسنامەی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر بێت.
سەبارەت بە جۆری پڕۆژەکان، رێنماییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆژە تازە دامەزراوەکان (ئەوانەی کەمتر لە یەک ساڵە کار دەکەن) دەبێت لە بەرنامەیەکی کارسازی دەرچووبن و نموونەیەکی سەرەتایی کارایان هەبێت. بۆ پڕۆژە کاراکانیش، مەرجە لانیکەم یەک کرێکاریان هەبێت و بوونی فرۆشی راستەقینە یان دروستکردنی داهات بسەلمێنن.
هاوکات، پڕۆسەکە چەند بوارێک ناگرێتەوە و هاوکارییەکە ئەو پڕۆژانە ناگرێتەوە کە کار لە کەلوپەلی سەربازی و چەک، پلاستیکی یەکجار بەکارهاتوو، ماددە زیانبەخشەکانی وەک کحول، توتن، ڤەیپ و نێرگەلە، هەروەها ئامێر و پێداویستییە پزیشکییەکان دەکەن.
ئامانجی ئەم هەنگاوەی ژووری بازرگانیی هەولێر و رێکخراوی IOM، رەخساندنی دەرفەتی کار و هاندانی خانمانە بۆ ئەوەی پەرە بە کارەکانیان بدەن و لە رووی داراییەوە زیاتر پشت بەخۆیان ببەستن.