ئەمریکا بازنەی سزاکانی بەسەر وڵاتانی پەیوەندیدار بە ئێران فراوانتر دەکات

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پلانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ توندکردنی گوشارە ئابوورییەکان، ئامادەکاری دەکات بۆ فراوانکردنی بازنەی ئەو سزایانەی بەسەر قەوارە و وڵاتانی پەیوەندیدار بە ئێراندا دەسەپێندرێن.

دووشەممە 24ـی ئابی 2026، سەرچاوەکە بە رۆیتەرزی گوت: "ئەم رێکارە ئامانجی ئاگادارکردنەوەیەکی کۆتاییە بۆ وڵاتان، تاکو پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئێران بپچڕێن." ئەم هەنگاوە ئامانجی کۆتاییهێنانە بەو ناکۆکییەی شەش مانگە بەردەوامە و بووەتە هۆی پەککەوتنی جووڵەی هەناردەی وزە لە گەرووی هورمز.

پێشبینیدەکرێت سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، درەنگانی دووشەممە وردەکاریی زیاتر لەبارەی رێکارەکان بۆ سەر ئێران رابگەیەنێت. سەرچاوەکە روونیکردەوە، بیسێنت پلانی هەیە دیدێکی گشتگیرتر لەبارەی هەڵمەتی گوشاری ئابووری دژ بە ئێران پێشکەش بکات، کە ئەو و ترەمپ بە "رۆژی سەرکەوتنی ئابووری" ناویان بردووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرچاوەکە گوتی وڵاتان ئاگادار دەکرێنەوە دەبێت لە سیاسەتەکانی ئەمریکا نزیک ببنەوە، بە پێچەوانەوە رووبەڕووی مەترسیی دوورخستنەوەی کۆمپانیا و قەوارە سەرەکییەکانیان لەو سیستەمە داراییە دەبنەوە کە لەسەر بنەمای دۆلار دامەزراوە.

بەرپرسێکی پێشووی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، واشنتن زیاتر بەرەو توندکردنی جێبەجێکردنی ئەو سزایانە دەچێت کە بەسەر ئێراندا سەپێندراون نەک تەنیا فراوانکردنیان، بەتایبەت لە کەرتی نەوتدا.

بەرپرسەکە بە سی ئێن ئێنی گوت: "رێکارەکان رەنگە سیستەمی هەناردەی نەوتی ئێران بکەنە ئامانج بە ئامانجی کەمکردنەوەی یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی داهاتی تاران." ئەو بەرپرسە روونیکردەوە، گوشارەکان رەنگە پاڵاوگە سەربەخۆ بچووک و مامناوەندەکانی چین بگرێتەوە کە نەوتی ئێران دەکڕن، لەگەڵ ئەو بانک و کۆمپانیایانەی ئاڵوگۆڕی دراو کە یارمەتی تاران دەدەن بۆ گواستنەوەی داهاتەکانیان و بەدەستهێنانی دراوی بیانی.