حوسییەکان هێرشیانکردە سەر کەشتییەکی سعوودیە
حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، بە مووشەکێکی بالیستی، کەشتییەکی نەوتی سعوودیەیان لە کەناراوەکانی یەنبەع لە دەریای سوور کردووەتە ئامانج.
دووشەممە 24ـی ئابی 2026، حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، لە رێگەی مووشەکێکی بالستییەوە نەوتهەڵگرێکی سعوودیەیان لە دەریای سوور کردووەتە ئامانج. ئەو گرووپەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، ئەم هەنگاوەی لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر سعوودیە وەسف کرد.
حوسییەکان لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایان کرد، توانیویانە کەشتیی نەوتهەڵگری ئەمزان-ی سەر بە سعوودیە لە باکووری دەریای سوور و لە بەرامبەر کەناراوەکانی یەنبوو بە مووشەکێکی بالستی بکەنە ئامانج. بە گوتەی گرووپەکە، پێکانی ئامانجەکە ورد و راستەوخۆ بووە، بەو هۆیەوە ئاگر لە کەشتییەکە کەوتووەتەوە و ژمارەیەک کەشتیی دیکەش کە لە ناوچەکەدا بوون، ناچار بە پاشەکشە بوون.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، هێرشەکە بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیاری هێزە چەکدارەکانیانە بۆ قەدەغەکردنی هاتوچۆی دەریایی سعوودیە و چەسپاندنی هاوکێشەی گەمارۆ بە گەمارۆ.
مانگی رابردوو، یەمەن بەهۆی سەرهەڵدانەوەی پێکدادانی نێوان حوسییەکان و سعوودیە لەژێر سێبەری ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران، جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆ پێشەنگی ئاڵۆزییە هەرێمییەکان. ئەم ئاڵۆزییانە پاش ئەوە سەریان هەڵدا کە حوسییەکان سعوودیەیان بە بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی سەنعا تۆمەتبار کرد بۆ رێگریکردن لە نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئێرانی. دواتر حوسییەکان بڕیاری سەپاندنی گەمارۆی دەریاییان بەسەر سعوودیە راگەیاند و دەستیان بە ئامانجگرتنی نەوتهەڵگر و دامەزراوە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە کرد، ئەمەش کۆتایی بە ئاگربەستی نێوانیان و حکوومەتی یەمەنی پشتگیریکراوی سعوودیە هێنا کە لە ساڵی 2022 بەسترا بوو.
راگەیاندنی ئەم هێرشە چەند کاتژمێرێک پاش بڵاوبوونەوەی راپۆرتێکی دەزگای ئۆپەراسیۆنە دەریاییە بازرگانییەکانی بەریتانیا (یو کەی ئێم تی ئۆ) بوو کە ئاماژەی بە تووشبوونی نەوتهەڵگرێک بە هێرشی تەنێکی نەناسراو لە کەناراوەکانی یەنبوو دابوو. دەزگاکە رایگەیاند، ئاگاداری رووداوێک بوونە لە دووری 63 میل دەریایی لە رۆژئاوای یەنبووی سعوودیە. بەرپرسی ئەمنیی کەشتییەکە رایگەیاند، نەوتهەڵگرەکە بە تەنێکی نەناسراو پێکراوە و ئاگر لە رووپەری سەرەکیی کەشتییەکە کەوتووەتەوە، هاوکات جەختی کردەوە سەرجەم ئەندامانی تیمی کەشتییەکە سەلامەتن و هیچ زیانێکی ژینگەییش تۆمار نەکراوە.
لەلایەکی دیکەوە، کۆمپانیای ئەمنیی دەریایی فانگارد-ی بەریتانی دووشەممە رایگەیاند، کەشتییەکی هەڵگری ئاڵای سعوودیە تووشی هێرشێکی مووشەکی بووە و ئاگری تێبەربووە. کۆمپانیاکە ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە راپۆرت گەیشتووەتە دەستیان لەبارەی ئامانجگرتنی کەشتییەکی هەڵگری ئاڵای سعوودیە بە مووشەک لە دووری 90 بۆ 100 میل دەریایی لە یەنبووی سعوودیە، دواتریش هەواڵی کەوتنی ئاگر لەسەر کەشتییەکە پشتڕاست کرایەوە.
لە هەفتەکانی رابردوودا، حوسییەکان بەرپرسیارێتیی خۆیان بۆ چەند هێرشێکی سەر نەوتهەڵگرەکانی سعوودیە لە دەریای سوور و دامەزراوە نەوتییەکانی ناو خاکی ئەو وڵاتە راگەیاندووە. هەروەها هێرشیان کردووەتە سەر ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی پشتگیریکراوی سعوودیەن، کە بەو هۆیەوە دەیان کەس لە هێزەکانی حکوومەت کوژراون.
حوسییەکان لە کۆتایی ساڵی 2014 دەستیان بەسەر رووبەرێکی بەرفراوانی باکووری یەمەن، لەوانەش سەنعا و حودەیدە گرت. ساڵی دواتر، هاوپەیمانییەکی سەربازی بە سەرکردایەتیی سعوودیە بۆ پشتیوانیکردن لە هێزەکانی حکوومەت دەستی بە ئۆپەراسیۆن کرد، کە ئێستا عەدەن لە باشووری یەمەن وەک ناوەندی دەسەڵات بەکاردەهێنن.