رێنمایی نوێی بەڕێوەبەرایەتی شەهیدانی سلێمانی سەبارەت بە هەژماری من بڵاوکرایەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی بۆ جاری چوارەم داوای لە کەسوکاری شەهیدان کرد بە زووترین کات هەژماری بانکیی "هەژماری من" دروست بکەن.

دووشەممە 24ـی ئابی 2026، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە، رێکارەکانی ئەم پڕۆسەیە گەیشتوونەتە قۆناغێکی گرنگ، بەپێی ئامارە فەرمییەکان، هێشتا زیاتر لە 1500 وارس پڕۆسەی دروستکردنی هەژمارەکەیان تەواو نەکردووە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختی کردەوە، پێویستە ئەو کەسانە بە زووترین کات سەردانی بانکەکان و لێژنە تایبەتەکان بکەن، بۆ ئەوەی لە وادەی دیاریکراودا کارتی "هەژماری من" وەربگرن.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان 31ـی ئابی 2026ـی وەک دوا مۆڵەت بۆ تەواوکردنی ئەم پڕۆسەیە دیاری کردووە. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی بەبانککردنی مووچەی فەرمانبەران و وارسی شەهیداندایە، بە مەبەستی رێکخستنەوەی سیستەمی دارایی.

رێنماییەکان هۆشداری دەدەنە ئەو وارسانەی تا ئێستا هەژمارەکەیان دروست نەکردووە. بەپێی بڕیارەکە، هەر کەسێک لە دوای ئەو وادەیەوە "هەژماری من"ـی نەبێت، کێشە بۆ خەرجکردنی مووچەکەی دروست دەبێت و مووچەکەی بۆ خەرج ناکرێت.