جەمال کۆچەر:لە کۆی 108 ترلیۆن دیناری چاپکراو تەنیا 28 ترلیۆن لەناو سیستەمی بانکیدایە
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پرسی دەستکاریکردنی دراوی عێراقی لە نێوان دوو پڕۆژەی جیاوازی بانکی ناوەندی و سەرۆکوەزیراندایە. هاوکات ئاشکرای دەکات کە گۆڕینی رەنگ و شێوازی دراوەکە دەسەڵاتی بانکی ناوەندییە، بەڵام سڕینەوەی سێ سفر لەسەر دینار پێویستی بە دەرکردنی یاسایە لە پەرلەمانی عێراق.
دووشەممە، 24ی ئابی 2026، جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، تەواوی رەهەندە دارایی، یاسایی و تەکنیکییەکانی پەیوەست بە گۆڕینی شێواز، قەبارە و بەهای دیناری عێراقی خستەڕوو.
جەمال کۆچەر روونیکردەوە کە دوو روانگەی جیاواز بۆ چاکسازی لە دراوی عێراقیدا هەیە، ئەوانیش پڕۆژەی بانکی ناوەندی، کە تەنیا بریتییە لە گۆڕینی رەنگ، وێنە، کوالیتی و بچووککردنەوەی قەبارەی پەڕەی دینارەکە لە رێگەی گرێبەست لەگەڵ وڵاتانی وەک فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و ئوسترالیا. ئەم هەنگاوە دەسەڵاتی رەهای بانکی ناوەندییە و پێویستی بە پەسەندکردنی پەرلەمان نییە.
هاوکات گوتیشی: پڕۆژەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران، کە بریتییە لە لابردنی سێ سفر لەسەر دراوەکە (بۆ نموونە، گۆڕینی 25 هەزار دیناری بۆ 25 دینار) هاوشان لەگەڵ پەرەپێدانی سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی. ئەم هەنگاوە بە تەواوی پێویستی بە رەزامەندی و دەنگدانی پەرلەمانی عێراق هەیە.
ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەشی دا، ئەگەر بانکی ناوەندی تەنیا رەنگ و قەبارەی دراوەکە بگۆڕێت، دەسەڵاتی خۆیەتی و پێویستی بە یاسای پەرلەمان نییە. بەڵام ئەگەر سێ سفر لەسەر دینار لابردرێت، دەبێت پڕۆژەیاساکە بێتە ناو پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدرێت.
گوتیشی: حکوومەتی عێراق لە کاتی خۆیدا نزیکەی 108 ترلیۆن دیناری چاپ کردووە، بەڵام ئێستا تەنیا نزیکەی 28 ترلیۆن دینار لە دەست و ژێر کۆنتڕۆڵدایە. بەشێکی زۆری ئەو پارەیە شاردراوەتەوە، دزراوە، براوەتە دەرەوەی وڵات، یان لە ماڵەکاندا کۆکراوەتەوە و خەڵک نایهێننەوە ناو بانکەکان، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی کێشەی کەمبوونەوەی سیولەی دارایییە.
جەختی لەوە کردەوە، پرۆسەی لابردنی سێ سفر کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کە هاوکات بێت لەگەڵ چاکسازیی قووڵی ئابووری، چونکە بێبەهاکردنی ژمارەیی بەبێ چاکسازی مەترسیی بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان دروست دەکات.
ئاماژەی بەوە کرد، پەنابردن بۆ سیستەمی ئەلیکترۆنی لەبری مامەڵەکردن بە پارەی کاش، تەواوی سیولەی نەختینەیی دەخاتەوە خزمەت حکوومەت، ئاستی شەفافییەتی دارایی بەرز دەکاتەوە و رێگریی تەواو لە بڵاوبوونەوەی دیناری ساختە و بازرگانیی نایاسایی لە بازاڕەکانی عێراقدا دەکات.