قالیباف: ئەمریکا توانای سنووردارکردنی زیاتری پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئێرانی نییە
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ئەمریکییەکان باش دەزانن کە چیتر کەس بڕوا بە لێدوانەکانیان ناکات و گوێیان لێ ناگرێت.
دووشەممە 24ـی ئابی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆڕمی ئێکس ئاماژەی بەوەش کرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بارودۆخێکی ئابووریی وەهادا نییە کە بتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا زیاتر سنووردار بکات.
قالیباف رایگەیاند، هاوبەشە بازرگانییەکانی ئێران، چ لە رێگەی میدیاکانەوە بێت یان لە رێگەی ئەو پەیامانەی بۆ تارانیان ناردووە، ئەوەیان دووپات کردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک بایەخ بەم جۆرە لێدوانانەی ئەمریکا نادەن.
قالیباف جەختی کردەوە، ئەم لێدوانانە هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر ئیرادەی هاوبەشەکانیان بۆ بەردەوامبوونی پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ ئێران نییە.
ئەم قسانەی قالیباف دوای ئەوە دێت، سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان گەورەترین هێرشی دارایی لە مێژوودا بۆ سەر ئێران دەستپێدەکات، بە ئامانجی بڕینی هەموو ئەو سەرچاوە ئابوورییانەی کە رژێمی تاران دەهێڵنەوە.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو وڵاتانەی چارەنووسیان بە تارانەوە دەبەستنەوە، رێگەی گەیشتن بە خۆشگوزەرانییان لێ دەگیرێت و هەر وڵاتێک لە رووی ئابووری و داراییەوە لەگەڵ ئێران کار بکات بەرەو ڕووخان دەچێت، دەبێت ئامادەی گۆشەگیرییەکی هاوشێوە بێت.
هاوکات رایگەیاند، هەر جۆرە هێرشێکی سەربازی دژی هێزەکانی ئەمریکا یان وڵاتانی کەنداو، رووبەڕووی وەڵامێکی خێرا و توندی دۆناڵد ترەمپ دەبێتەوە و تاران باجێکی قورسی هێرشەکانی دەداتەوە.