وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: بە فەرمانی تره‌مپ ئۆپراسیۆنی ئابوورییمان لە دژی ئێران راگەیاند

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەستپێکردنی گشتگیرترین هەڵمەتی دارایی و سزای ئابووریی لە مێژوودا بە ناوی "ئۆپەراسیۆنی دەرکراوی ئابووری" (Operation Economic Outcast) دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران راگەیاند. هاوکات هۆشداری دەداتە سەرکردەکانی جیهان کە دەبێت لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا یەکێکیان هەڵبژێرن، و جەخت دەکاتەوە کە هەر بانک و دامەزراوەیەک هاوکاریی دارایی و نەوتیی تاران بکات، لە سیستەمی دۆلاری ئەمریکی دەردەکرێت.

دووشەممە، 24ـی ئابی 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، وردەکاریی ستراتیژی نوێی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی بۆ گەمارۆدانی تەواوەتیی ئێران و بڕینی سەرجەم سەرچاوە دارایییەکانی سوپای پاسداران خستەڕوو.

سکۆت بێسێنت رایگەیاند، ئێستا کاتی ئەوەیە سەرکردەکانی جیهان بڕیار لە نێوان پێشکەوتن یان گۆشەگیری، ئاشتی یان شەڕانگێزی، لە نێوان ئەمریکا یان ئێراندا بدەن. ترەمپ دەستی بە پەیوەندیی تەلەفۆنیی راستەوخۆ لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان کردووە و داوایان لێدەکات کە تەواوی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتی ئێران رابگرن. ئەم هەڵمەتەی ئەمڕۆ دەستمان پێکردووە، رۆژ بە رۆژ بەهێزتر و فراوانتر دەبێت."

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی دا، دەمانەوێت بە روونی رایبگەیەنین کە هیچ لایەن و بانکێک لە سەرووی دەستی سزاکانی ئەمریکاوە نییە. هەر دامەزراوەیەکی دارایی یان بانکێک لەوانەش بانکەکانی چین ئاسانکاری بۆ مامەڵە دارایییەکان بکات و بەشێک بێت لەو سیستەمەی نەوتی ئێران دەگۆڕێت بۆ پارە، بە توندی دەکرێتە ئامانج.

گوتیشی: دەبێت سەرجەم لقەکانی بانکی میللی لە سەرتاسەری جیهاندا دابخرێن، هەر قەوارەیەک هاوکاریی سپیکردنەوەی پارە بۆ ئێران بکات، بە یەکجاری لە سیستەمی دۆلاری ئەمریکی دەردەکرێت.

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئیدارەی ترەمپ چیتر تەنیا مامەڵە لەگەڵ هەڕەشەکانی ئێران ناکات، بەڵکو بە تەواوەتی لە رێگەی، بڕینی تەواوی سەرچاوەکانی داهات، جێبەجێکردنی سیاسەتی "سفر دزەکردن"، تاوەکو هیچ دەرفەتێکی هەناسەدان بۆ تاران نەمێنێتەوە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی تواناکانی سوپای پاسداران (IRGC) کۆتایی پێدەهێنێت.

بێسێنت رایگەیاند ئێران لەبەردەم دوو ڕێگادایە؛ یان گۆشەگیریی تەواوەتیی جیهانی و ئابوورییەکی داڕماو، یاخود گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی لە رێگەی دەستبەرداربوون لە هەڕەشەکان و پەیوەستبوونەوە بە ئابووریی جیهان.

هاوکات لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا ئاشکرای کرد کە زنجیرەی سزاکانی واشنتن بە خێرایی بەردەوام دەبن و گوتی:"پێویستە چاوەڕوانی ئەوە بن کە ریتمی سەپاندنی سزاکان بەردەوام بێت. پێشبینی دەکەم تاوەکو کۆتاییی ئەم هەفتەیە ئاگاداری راگەیاندنی بڕیارێکی گەورەی سەپاندنی سزا بن بەسەر دامەزراوەیەکی داراییی گەورەدا، و هەمووان لێکەوتەی کردەوەکانی خۆیان لە هاوکاریکردنی تاران بەدی دەکەن."

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا باسی لەوەش کرد، "من لێرەدا هیچ وادە و کاتێک دیاری ناکەم، بەڵام دەمەوێت هەموو لایەک بزانێت کە ئێمە لەم بابەتەدا ئارامگریی بێسنوورمان نییە. هەر دامەزراوەیەک کەلوپەل، نەوت و داهات بۆ ئێران دابین بکات یان ئاسانکاریی بانکی بۆ بکات، دەبێت ئامادەی بەرگەگرتنی سزاکانی واشنتن بێت."