فەرەنسا بڕیاری قەدەخەکردنی مۆبایل لە قوتابخانەکان جێبەجێ دەکات

حکوومەتی فەرەنسا بڕیاریدا لە مانگی داهاتووەوە بڕیاری قەدەخەکردنی مۆبایلی زیرەک لە قوتابخانە ئامادەیییەکاندا بخاتە بوارى جێبەجێکردنەوە، لە بەرامبەردا سەندیکاکانی کەرتی پەروەردە هۆشداری دەدەن لەوەی جێبەجێکردنی بڕیارەکە بەم خێراییە کارێکی زۆر ئەستەمە.

لە مانگی تەمووزی رابردوودا، پەرلەمانی فەرەنسا پڕۆژەیاسایەکی پەسەند کرد کە تێیدا رێگری لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ منداڵانی تەمەن ژێر 15 ساڵ و بەکارهێنانی مۆبایل لە قوتابخانە ئامادەیییەکاندا دەکات. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسادایە بۆ کەمکردنەوەی کاتی دانیشتنی منداڵان لەبەرامبەر شاشەکان، کە بە بڕوای حکوومەت زیان بە گەشەی ئاودەنگی و دەروونییان دەگەێنێت.

سەرەڕای ئەوەی دادگای باڵای فەرەنسا (ئەنجوومەنی دەستووری) لە سەرەتای ئەم مانگەدا بڕگەی تایبەت بە قەدەخەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هەڵوەشاندەوە، بەڵام رەتینەکردەوە کە مۆبایل لە ئامادەیییەکاندا قەدەخە بکرێت.

مۆد بڕیژۆن، گوتەبێژی حکوومەتی فەرەنسا رایگەیاند، ماکرۆن بڕیاریداوە یاساکە پەسەند بکات و لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە مانگی ئەیلوول، قەدەخەکردنی مۆبایل لە ئامادەیییەکاندا بێ هیچ ئاستەنگێکی یاسایی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

فەرەنسا پێشتریش بەکارهێنانی مۆبایلی لە قوتابخانە سەرەتاییەکان و ناوەندییەکاندا (تەمەن 11 بۆ 15 ساڵ) قەدەخە کردبوو. بەپێی یاساکەش، بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە نوێیە، پێویستە هەموو قوتابخانە ئامادەیییەکان پەیڕەوی ناوخۆی خۆیان دەستکاری بپەڕێنن.

لە بەرامبەردا، سەندیکاکانی کەرتی پەروەردە نیگەرانیی خۆیان لە خێرایی جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەربڕیوە. فرانسوا رێسنایس، سکرتێری نیشتمانیی گەورەترین سەندیکای بەڕێوەبەری قوتابخانەکان بە ئاژانسی "فرانس پرێس"ی راگەیاندووە "کاتی بڕیارەکە زۆر خراپە و قوتابخانەکان بۆ ئەمە ئامادە نین، چونکە ساڵی نوێی خوێندن دەستپێدەکات بێئەوەی ئەم رێسایە لە پەیڕەوی ناوخۆی زۆربەی قوتابخانەکاندا جێگیر کرابێت."

حکوومەتی فەرەنساش جەخت دەکاتەوە، سەرۆک ماکرۆن دەستبەرداری پلانەکەی نابێت بۆ قەدەغەکردنی ئەپەکانی وەک تیک تۆک لەسەر مێرمنداڵان و تا بەهاری داهاتوو، رەشپێشنیازێکی نوێی یاسایی بۆ ئەو مەبەستە ئامادە دەکەن.