ناتانیاهۆ: ئێران هەوڵی تیرۆرکردنی یەکێک لە کوڕەکانمی داوە
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئێران هەوڵی داوە یەکێک لە کوڕەکانی تیرۆر بکات، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر لەو بارەیەوە ئاشکرا بکات.
دووشەممە 24ـی ئابی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی 14ـی ئیسرائیلی گوتی: "شتێکی باوەڕپێنەکراو روویداوە، ئێران یەکێک لە کوڕەکانمی کردووەتە ئامانج و هەوڵی کوشتنی داوە."
رێکاری ئەم لێدوانانە لە کاتی گفتوگۆکردن بووە لەسەر راپۆرتەکانی پەیوەست بە پاراستنی ئەمنیی گادی ئایزنکۆت، سەرۆک ئەرکانی پێشووی سوپای ئیسرائیل کە لە هەڵبژاردنەکاندا کێبڕکێی ناتانیاهۆ دەکات، هاوکات ناتانیاهۆ پشتگیری خۆی بۆ دابینکردنی پاسەوانی شەو و رۆژ بۆ ئایزنکۆت دەربڕی و گوتی: "ئەمە کات بەسەربردن و رابواردن نییە، چونکە ئەگەر ئەو پاراستنە نەبێت، ئێرانییەکان لە پیلانەکانیان سەرکەوتوو دەبن."
ناتانیاهۆ کە دوو کوڕ و کچێکی هەیە، تیشکی خستووەتە سەر یائیری کوڕە گەورەی کە تەمەنی 35 ساڵە. یائیر لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە لە شاری میامی لە ئەمریکا نیشتەجێیە و لەژێر پاراستنی توندی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل (شەباک) دایە، رەخنەی زۆر لەبارەی تێچووی پاراستنی یائیر لە ئەمریکا هەیە، هاوکات هەندێک لە دانیشتووانی ناوچەکە نیگەرانن لەوەی هەبوونی ئەو ببێتە هۆی ئەوەی ناوچەکەیان رووبەڕووی هێرشی نەیارانی ئیسرائیل ببێتەوە.
رۆژنامەنووسی ناسراوی ئیسرائیلی، عەمیت سیگال لە کەناڵی تێلیگرامەکەی بڵاوی کردەوە، کە ئەم هەوڵە تیرۆرە مانگانێکە زانراوە، بەڵام پێشتر بەهۆی بڕیاری قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوە، میدیاکان رێگەیان پێنەدرابوو باسی بکەن.