سێنتکۆم: رێڕەوی 71 کەشتیمان گۆڕیوە و 3 کەشتی دیکەمان لە کارخستووە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) نوێترین ئاماری خۆی لەبارەی جووڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز بڵاویکردەوە و رایگەیاند، رێڕەوی 71 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە و سێ کەشتیی دیکەیان پەکخستووە.
دووشەممە 24ـی ئابی 2026، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، رێڕەوی 71 کەشتیی بازرگانییان لە ئاوەکانی ناوچەکەدا گۆڕیوە، هاوکات 3 کەشتی دیکەش بەهۆی سەرپێچییەوە لە کارخراون، روونیشیکردووەتەوە، هێزەکانیان دابەزیونەتە سەر پشتی دوو کەشتی دیکە بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوون بە گەمارۆکانی سەر ئێران".
سێنتکۆم رایگەیاندووە: "مۆڵەتمان داوە بە زیاتر لە 40 کەشتی، کە هاوکاریی مرۆیی دەگوازنەوە، بۆ ئەوەی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن".
کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز، کە رێڕەوی نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهانە، بووەتە خاڵێکی سەرەکیی ناکۆکی لەو دانوستانانەی ئامانجیان کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانە.
واشنتن لە هەوڵێکدا بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک لە گەرووەکەدا، سزا ئابوورییەکانی سەر تاران توندتر دەکات. سکۆت بیسنت، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا رایگەیاند: بە رێنمایی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گەمارۆی ئابوورییان زیادکردووە و سزای توندیان بەسەر هەر وڵاتێکدا سەپاندووە کە لەگەڵ ئێران هاوکاری بکات، هاوکات ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابوورییان دژی تاران دەستپێکردووە.