پاکستان هەوڵەکانی بۆ نێوەندگیری تاران و واشنتن چر کردووەتەوە
عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان لە تاران لەگەڵ مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەوە، تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، پاکستان وەک نێوەندگیرێک لەنێوان تاران و واشنتن رۆڵ دەبینێت.
دووشەممە 24ـی ئابی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەفتەی رابردوو لەگەڵ فەرماندەی سوپای پاکستان کۆبووەتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا دوای گەڕانەوەی لە واشنتن، عاسم مونیر سەردانی تارانی کردووە و لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەتەوە.
پاکستان پێشتر هەوڵی راگرتنی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکای داوە و لە مانگی حوزەیراندا نێوەندگیریی بۆ گەیشتن بە یاداشتێکی لێکتێگەیشتن کردووە، سەرەڕای ئەمەش، ئێستا وتووێژەکانی ئاشتی رووبەڕووی کۆسپ بوونەتەوە.
تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، عاسم مونیر لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ تاران، لەگەڵ محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هەروەها موحسین رەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کۆبووەتەوە.
هاوکات مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، رەخنەکانی وڵاتەکەی لە بارەی مامەڵەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی لەگەڵ تاران ئاڕاستەی لایەنی پاکستان کرد و رایگەیاند، ئەمریکا دەبێت شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ ئێران بگۆڕێت، چونکە پشت بەستن بە هەڕەشە و زمانی زۆرملێ تەنیا کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات.
جەختیشی کردەوە، رێگری لە پیلانەکانی ئیسرائیل و دوژمنان تەنیا لەرێگەی یەکگرتوویی و هاوئاهەنگی وڵاتانی ئیسلامییەوە دەکرێت، کە بە گوتەی ئەو، گەورەترین هۆکاری پاشەکشەپێکردنی دوژمنانە.
لە لایەکی دیکەوە، ئیدارەی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، دەیەوێت سەرجەم ئەو رێڕەوە ئابوورییانە ببڕێت کە دەبنە هۆی بەردەوامیی ئەو رژێمە، لەم چوارچێوەیەدا، واشنتن سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند کە زێڕ، تەکنەلۆژیا، سەروەتە دیجیتاڵییەکان، فڕۆکەوانی و گواستنەوەی دەریایی دەگرێتەوە.