لە هەرێمی کوردستان یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام بەرز رادەگیرێت

لە یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (محەمەد) دروودی خودای لەسەر بێت، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بە بەشداری چین و توێژە جیاوازەکانی هاووڵاتیان، لە ناوەندی شار و مزگەوتەکان بەشێوازی جیاواز و رێوڕەسمی تایبەت ئەم یادە بەرز و پیرۆز رادەگیرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 25ـی ئابی 2026، بە بۆنەی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، جگە لە نەخۆشخانەکان، بنکە تەندروستییەکان و ناوەندە ئەمنییەکان، لەسەرجەم دامەزراوەکانی دیکەی حکوومی پشووی فەرمییە، هەر بەم بۆنەیەوە لە ناوەندی شاری هەولێر، کە ئەم یادە بایەخێکی زۆری پێدەدرێت جیاواز لە چالاکییە ئاینییەکانی دیکەی شارەکان بە فراوانتر بەڕێوەدەچێت.

هەولێر لەم بۆنەیەدا کە بە شاری سوڵتان موزەفەرەدین ناوبانگی دەرکردووە، هەر لە بەرە بەیانەوە هاووڵاتیان بەبێ جیاوازی رەگەز و تەمەن لە ناوەندی شار کۆ دەبنەوە و بە بەخشینی شیرینی و چەندان جۆری خواردن یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام بەرز را دەگرن.

هەر بۆ ئەم بۆنەیە لە چەند رۆژی رابردوودا ناوەندی شار بە پەیامی جیاواز رازێندراوەتەوە، جیا لەم کەرنەڤاڵەی لە بەردەم قەڵای هەولێر بەڕێوەدەچێت، لە مزگەوتەکانی بە خوێندنەوەی قورئان و سرووتە ئاینییەکان و بەخشینەوە شیرینی ئەم یادە دەکرێتەوە، هەروەها لەنێو گەڕەکەکانیش هاووڵاتیان بە بەخشینی شیرینی و چەند جۆرە خواردنێک بەسەر دراوسێکانیاندا دەبەخشنەوە.

ساڵانە لە هەولێر، یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام(محەمەد) دروودی خوای گەورەی لەسەر بێت، دەکرێتەوە، وەک لە مێژوودا باسی لێوەکراوە، موزەفەرەدین کۆکبری کوڕی زەینەددینی عەلی لە نێو خەڵکی هەولێر ناسراوە بە سوڵتان موزەفەر لە ساڵی (1153 تا 1232 زایینی)، حاکمی شاری هەولێر بووە لە سەردەمی سەڵاحەدینی ئەیوبی، سوڵتان مزەفەر یەکەم کەس بووە مەولوودنامەی خوێندووە و یادکردووەتەوە، لەو کاتەوە ئەم یادکردنەوەیە بە گەرموگوڕی بووەتە نەریتێک و کولتوورێکی تایبەت بە ناوی رۆژی مەولوودی پێغەمبەری ئیسلام یاد دەکرێتەوە.

 سلێمانی

هاوژین جەمال پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ جیاواز لە ساڵانی رابردوو یادی لەدایک بوونی پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت لە سلێمانی دەکرێتەوە، هەورەها ئامادەکاریی تەواو لە مزگەوتی گەورەی سلێمانی کراوە بۆ بەرێوەچوونی کەرنەڤالیکی گەورەی مەولوود کە کاتژمێر 10:00 دەست پێدەکات.

گوتیشی: بەشێکی زۆری هاووڵاتیان هاتوونەتە مزگەوتی گەورەی سلێمانی، بڕیاریشە لە کاتژمێر 9:00 بە دواوە، شەقامی پیرەمێرد، شەقامی کۆنی دادگا و ئەو شەقامانەی دێنەوە رێگای مزگەوتی گەورە دابخرێن، بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن بە ئاسانی بگەنە مزگەوتی گەورە.

لە مزگەوتی گەورە خوانی هەشت هەزار کەس ئامادەکراوە، لەوبارەوە حاجی ئیقبال، سەرپەرشتیاریی چێشتخانەی مزگەوتی گەورە بە کوردستان24ـی گوت: ئەمڕۆ 12ـی رەبیعولئەوەلە، رۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت، بەو بۆنەیەوە زیاتر لە تۆن و نیوێک تا دوو تۆن گۆشتی سوورمان لەگەڵ برنج و فاسوڵیا ئامادەکردووە و کە ژەمە خواردنی هەشت تا 10 هەزار کەس دەبێت و دابەشی سەر هاووڵاتیان دەکەین.

ئاماژەی بەوەش دا، لە دوێنێوە خەریکی ئامادەکاریین و خواردنەکەش لە کاتژمێر 10:00 دابەش دەکەین، لەبارەی چۆنیەتی دابەشکردنە گوتیشی، مەرج نییە خواردنەکە لێرە بخورێت، ئێمە دابەشی دەکەین هاووڵاتیان دەتوانن بچنەوە لەماوڵەوە بیخۆن. چونکە خواردنەکە بەشی چەند کەسێک دەکات.

دەشڵێت: کارەکە لەسەر ئەرکی چەندەها خێرخوازە، واتە هەر خێرخوازێک بەگوێرەی توانای خۆی بەشداریکردووە.