%91ـی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە "هەژماری من" تۆمارکراون

پڕۆژەی هەژماری من رایدەگەیەنێت کە زۆرینەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان پرۆسەی تۆماربوونیان لە پڕۆژەکە تەواو کردووە، هاوکات رێنمایی نوێ بۆ ئەو سوودمەندانە بڵاو دەکاتەوە کە بەهۆی تەمەن یان بارودۆخی تەندروستییانەوە ناتوانن خۆیان سەردانی بانکەکان بکەن.

بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی پڕۆژەی هەژماری من، کۆی گشتیی سوودمەندانی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 65 هەزار کەسە. لەو ژمارەیەش زیاتر لە 55 هەزار سوودمەند، کە دەکاتە رێژەی 91%، پرۆسەی تۆماربوونیان لە هەژماری من تەواو کردووە و تا ئێستا نزیکەی هەشت هەزار کارت بە سوودمەندان گەیەندراوە، لە کاتێکدا نزیکەی حەفت هەزار سوودمەندی دیکە ماون بۆ ئەوەی تۆمار بکرێن.

نووسینگەی سەرۆک وەزیران هانی ئەو سوودمەندانە دەدات کە توانای رۆیشتنیان هەیە، سەردانی ئەو بانکانە بکەن کە بۆیان دیاریکراوە بۆ ئەوەی خۆیان تۆمار بکەن یان کارتەکانیان وەربگرنەوە. ئاماژە بەوەش کراوە کە لە رۆژانی داهاتوودا لە رێگەی کورتەنامەوە (SMS) کات و شوێنی وەرگرتنەوەی کارتەکان بە سوودمەندان رادەگەیەنرێت.

سەبارەت بەو سوودمەندانەی تەمەنیان لە خوار 18 ساڵە، یان بەهۆی کەمئەندامییەوە توانای سەردانیکردنیان نییە، رێنمایی دراوە کە پێویستە نوێنەری یاساییان (وەسی) ئامادە بێت. نوێنەرە یاساییەکە دەبێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتی تۆڕی کۆمەڵایەتی سەر بە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی بکات و فۆرمی تۆمارکردن پڕ بکاتەوە، بە مەرجێک پەڕاوی یاسایی دادگا و بەڵگەنامە ناسنامەییەکانی (کارتی نیشتمانی و کارتی زانیاری) خۆی و سوودمەندەکەی پێ بێت.

پڕۆژەی هەژماری من دڵنیایی دەداتە کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کە پرۆسەکە هیچ بارگرانییەکی دارایی بۆ ئەوان دروست ناکات، و جەخت دەکاتەوە کە هیچ پارەیەکی زیادەیان لێ وەرناگیرێت بۆ دروستکردنی هەژمار یان راکێشانی مووچەکانیان لە ئامێرەکانی راکێشانی پارە.