لە سلێمانی سێ کورتەفیلم نمایش دەکرێت
لە لایەن ئینستتیوتی داکۆ بۆ گەشەپێدانی هونەر و کولتوور، هەر سێ کورتەفیلمی "مایکڕۆفۆن، سپی وەک سوور، کۆڤید 69"، هەر سێ کورتەفیلمەکە لە دەرهێنانی کەریمۆک غەفوورە، لە سینەما سالم لە سلێمانی نمایش دەکرێت.
سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، کەریمۆک غەفوور، دەرهێنەری ئەو سێ کورتەفیلمە بە کوردستان24ـی راگەیاند: "بە درێژایی ساڵانی کارکردنم لە بواری سینەما، دا ژمارەیەکی زۆر کورتەفیلمم بەرهەم هێناوە کە هەر یەکەیان ئاست و ناوەڕۆک و جیهانبینیی تایبەتی خۆی هەیە. بەڵام لەنێو ئەو بەرهەمانەدا سێ فیلم هەن کە زیاتر لە فیلمەکانی دیکەی من بە یەکدی دەچن؛ چونکە هەرسێکیان لە یەک دنیای بیرکردنەوەوە سەرچاوە دەگرن و هەمان دیدگا و شێوازی کارکردنی من لە سینەما لەخۆ دەگرن."
گوتیشی: "ئەم سێ فیلمە لەژێر ناوی "سینەما و بیرکردنەوە"، نمایش دەکرێن؛ پرۆژەیەک کە تەنیا نمایشکردنی چەند فیلمێک نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ دروستکردنی بیرکردنەوە و گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتانەی کە لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەستیارن و پێویستیان بە گفتوگۆ و لێکدانەوە هەیە."
ئەو دەرهێنەرە باس لە گرنگیی نمایشکردنی ئەو سێ کورتەفیلمە دەکات و دەڵێت: "هەر سێ فیلمەکە بەرهەمی ساڵانی جیاوازن، بەڵام ئەوەی کۆیاندەکاتەوە، شێوازی بیرکردنەوە و جیهانبینییەکەیە لە پشت هەڵبژاردنی بابەت و دروستکردنی چیرۆکەکانیانەوە هەیە. تەنیا فیلمی "مایکڕۆفۆن" کەمێک کۆنترە لە دوو فیلمەکەی دیکە، بەڵام هەرسێکیان لە چەندین فێستیڤاڵی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بەشدار بوون و توانراوە خەڵات و پێزانین بەدەستبهێنن."
کەریمۆک غەفوور جەختی لەوەش کردەوە، "لە رووی بەرهەمهێنانیشەوە، دوو فیلم لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێرەوە بەرهەم هاتوون و فیلمی سێیەم بەرهەمی سینەمای سلێمانییە؛ بەڵام هەموویان لە یەک رێڕەوی هونەری و فکریدا کۆدەبنەوە و ئەوەی ئەم سێ فیلمە بە یەکەوە گرێدەدات، تەنیا شێوازی فیلمسازی نییە، بەڵکو هەڵبژاردنی بابەتەکانیشە. ناوەڕۆکی هەرسێ فیلمەکە بە شێوەیەک لەگەڵ دوو بابەتی گرنگی ژیانی مرۆڤ بەرەوڕوو دەبنەوە، عەشق و ئایین؛ دوو هێزی بەهێز کە هەندێک جار لەگەڵ یەکدا دەگونجێن و هەندێک جاریش دەکەونە بەرەی بەرانبەر."
ئەوەشی گوت، "فیلمەکان هەوڵ دەدەن ئەو بەرکەوتنە بخەنە بەردەم بینەر، بەبێ ئەوەی وەڵامێکی ئامادەی بۆ دابین بکەن. لێرەدا سینەما دەبێتە ئامرازێک بۆ پرسیارکردن، بیرکردنەوە و گفتوگۆ و بینەر تەنیا سەیرکەر نییە، بەڵکو بەشێکە لەو پرۆسەیەی لێکدانەوە و بیرکردنەوەیە."
دەربارەی ماوەی هەر سێ کورتەفیلمەکە، کەریمۆک غەفوور دەڵێت، "هەرسێ فیلمەکە بە کۆی گشتی نزیکەی 40 خولەک ماوەیان هەیە، بەڵام ئەو ماوەیە تەنیا پێوانەی کاتی نمایشکردنیان نییە؛ چونکە هەر فیلمێک هەوڵ دەدات دوای تەواوبوونی نمایشەکەش، پرسیار و بیرکردنەوەیەک لە مێشکی بینەر بەجێبهێڵێت."
کەریمۆک غەفوور ئاماژەی بەوەش دا، "لە چوارچێوەی "سینەما و بیرکردنەوە"دا، خوێندنەوەیەکی تایبەت بۆ ئەم سێ فیلمە دەکرێت لەلایەن ئاوات ئەحمەد، نووسەر و وەرگێڕ، کە لە روانگەیەکی ئەدەبی و فکرییەوە فیلمەکان دەخوێنێتەوە و لێکدانەوەیان بۆ دەکات. هەروەها رامیار مەحموودی، شاعیر و نووسەر، بە تایبەتی لەسەر فیلمی "مایکڕۆفۆن" قسە دەکات و روانگەی خۆی لەبارەی فیلمەکەوە دەخاتەڕوو. دوای ئەو خوێندنەوانەش، دەرگەی گفتوگۆ بەڕووی بینەران دەکرێتەوە، تا ئەوانیش بتوانن روانگە و پرسیارەکانی خۆیان لەبارەی فیلمەکان و بابەتە هەستیارەکانیانەوە هاوبەش بکەن."
هەر سێ کورتەفیلمی "مایکڕۆفۆن، سپی وەک سوور، کۆڤید 69"، کە هەر سێ کورتەفیلمەکە لە دەرهێنانی کەریمۆک غەفوورە، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 25ی ئابی 2026، لە سینەما سالم لە سلێمانی نمایش دەکرێت.