بەڕاک: رێککەوتنەکە لەسەر بنەمای 'یەک سوپا، یەک حکوومەت و یەک دەوڵەت' بەرجەستە کراوە
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، رێککەوتنی تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا بە رووداوێکی تەواو مێژوویی ناوبرد و رایگەیاند، لە چوارچێوەی پلانی واشنتندا بۆ سووریایەکی یەکگرتوو، دان بە زمانی کوردیدا نراوە لە کەرتی پەروەردەدا و پێگەی گرنگ و کاریگەریش لەناو حکوومەتی سووریادا بۆ مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد مسۆگەر کراوە.
سێشەممە 25ـی تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لە پەیامێکدا لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، رایگەیاند، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی بەردەوامی سەرۆکی ئەمریکادایە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە تێیدا هاوبەشێکی دڵسۆز و جێمتمانە هەنگاو بەرەو چوارچێوەیەکی نیشتمانی دەنێت و سووریایەکی یەکگرتوو بۆ سەرجەم پێکهاتەکان لەدایک دەبێت.
نێردەی سەرۆکی ئەمریکا ئەوەی خستەڕوو کە سەرکردایەتیی دووربینانەی سەرۆکی ئەمریکا رێگەی خۆشکرد بۆ تێکەڵکردنەوەیەکی رێکوپێکی هەسەدە لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا، بە جۆرێک دابەشکاری و ناکۆکییەکانی رابردووی گۆڕیوە بۆ هاوبەشییەکی بەردەوام و دەرفەتی بۆ گەلی سووریا گەڕاندووەتەوە تا خۆیان داهاتووی هاوبەشی وڵاتەکەیان دابڕێژنەوە.
سەبارەت بە مافەکانی گەلی کورد و سەرکردەکانی هەسەدە، بەڕاک جەختی کردەوە، دانیپێدانانی فەرمی بە زمانی کوردی لە کەرتی پەروەردەدا، شانبەشانی دەستەبەرکردنی پێگەی کاریگەر بۆ هاوبەشە بەنرخەکانمان مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لەناو حکوومەتی سووریادا، رێزلێنانێکی شایستەیە لە سەرکردایەتی و قوربانیدانی هاوبەشە کوردەکانمان و ئەو بەشدارییە بنیاتنەرەی لە سەقامگیریی ناوچەکەدا پێشکەشیان کردووە.
هەروەها مۆدێلی ئەم رێککەوتنەی بە یەکگرتنەوەیەکی راستەقینە وەسف کرد و گوتی: ئەمەیە وێنەی راستەقینەی یەکگرتنەوە؛ لەم پرۆسەیەدا براوە و دۆڕاو بوونی نییە، بەڵکو لایەنە ناکۆکەکانی دوێنێن کە سەرەڕای جیاوازیی دیدگاکانیان، توانیویانە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەرێک بۆ بەهێزکردنی سەروەریی خاکی سووریا بدۆزنەوە لەسەر بنەمای: یەک سوپا، یەک حکوومەت و یەک دەوڵەت.
هەر ئەمڕۆ سێشەممە لە وەرچەرخانێکی مێژووییدا بۆ داڕشتنەوەی داهاتووی سووریا، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بە فەرمی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی و هەڵوەشاندنەوەی وەک پێکهاتەیەکی سەربازیی سەربەخۆ ڕاگەیاند، هاوکات دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی لە سەنگەرەکانی شەڕەوە بەرەو ئاشتی، ئاوەدانکردنەوە و مسۆگەرکردنی مافە نەتەوەییەکان ڕاگەیاند.