میدیایەک: ئەمریکا و ئێران لەسەر ئاگربەست رێککەوتوون

"چەند رۆژی داهاتوو رادەگەیەنرێت"

واشنتن و تاران لە رێگەی نێوەندگیرییەکی چڕی دیپلۆماسییەوە لەسەر راگەیاندنی ئاگربەستێکی گشتگیر و دەستپێکردنەوەی کەشتیوانیی ئازاد لە گەرووی هورمز گەیشتنە رێککەوتن، و بڕیارە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا بە فەرمی کۆتاییهاتنی شەڕ رابگەیەنرێت و گەڕێکی نوێی دانوستانی تەکنیکی لە نێوان هەردوولادا دەستپێبکات.

سێشەممە، 25ی ئابی 2026، ئاژانسی هەواڵی ڕیا نۆڤۆستیی رووسی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگاداری باڵا لە ئێران و پاکستان ئاشکرای کرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر راگرتنی شەڕ و راگەیاندنی ئاگربەست رێککەوتوون.

بەپێی زانیاریی سەرچاوەکان، رێککەوتنەکە دەستپێکردنەوەی دەستبەجێی کەشتیوانیی لە گەرووی هورمز لەخۆدەگرێت، هاوکات چاوەڕوان دەکرێت دوای راگەیاندنی فەرمیی ئاگربەستەکە، شاندە تەکنیکییەکانی هەردوولا زنجیرەیەک کۆبوونەوە بۆ داڕشتنی وردەکارییەکانی قۆناخی داهاتوو ئەنجام بدەن.

ئەم پێشکەوتنە مێژووییە دوای جووڵەیەکی دیپلۆماسیی خێرای پاکستان هات، کە تێیدا شاندێکی باڵای ئەو وڵاتە بە سەرۆکایەتیی عاسم مونیر، فەرماندەی سوپا و موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان گەیشتنە تاران و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی یەکلاکەرەوەیان لەگەڵ مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و بەرپرسانی باڵای ئەمنی و سەربازیی ئەو وڵاتە ئەنجام دا بە مەبەستی رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییە سەربازییەکان لە نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێراندا.

سەرچاوەیەکی باڵای نزیک لە تیمی دانوستانکاری ئێران بە ئاژانسی تەسنیمی راگەیاندووە کە سەردانەکەی فەرماندەی سوپای پاکستان بۆ تاران بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی دانوستان بووە و تاران تەواوی مەرج و تێڕوانینەکانی خۆی بۆ پرسی گەرووی هورمز رادەستی شاندەکە کردووە، کە لە سەرووی هەموویانەوە پابەندبوونی واشنتنە بە گەڕانەوە بۆ رێککەوتننامەی ئیسلامئاباد و جێبەجێکردنی بڕگەی پێنجەمی رێککەوتنەکە، تاوەکو شاندەکەی پاکستان ئەم داواکارییانە راستەوخۆ بگەیەنێتە کۆشکی سپی.

هاوکات موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆککۆماری ئێران بەوپەڕی راشکاوی و دڵسۆزییەوە دیدگای حکوومەتەکەی خستووەتەڕوو و گفتوگۆکانیان زۆر ئەرێنی و بنیاتنەر بوون بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتییانە.

لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی باڵای دیپلۆماسی بۆ تۆڕی ئەلعەرەبییە ئاشکرای کرد کە عاسم مونیر کۆبوونەوەیەکی چارەنووسسازی لەگەڵ موحسین رەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ئەنجام داوە. بەپێی زانیارییەکان، ئەمریکا ئامادەیی نیشانداوە تەواوی گەمارۆ دەریاییەکان و ئەو سزایانەی ئەم دواییە هەڵبگرێت کە بەسەر تاراندا سەپێنرابوون؛ لە بەرامبەردا، مەرجی سەرەکی ئەوەیە کە دەبێت ئێران دەستبەجێ گەرووی هورمز بە رووی هاتوچۆی بازرگانیدا بکاتەوە و سەرجەم هێرش و پەلاماری گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تاران لە تەواوی ناوچەکەدا بە تەواوی رابگیرێن.

بەپێی زانیارییەکانی ئەلعەرەبییە، موحسین رەزایی وەک نوێنەری موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵای ئێران، لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە کە تاران خوازیاری گەیشتنە بە چارەسەرێکی بنەڕەتی و هەمیشەیی بۆ قەیرانەکە، بەڵام هاوکات هۆشداریشی داوە کە لە ئەگەری هەر پەرەسەندنێکی نوێی سەربازیدا وڵاتەکەی بە تەواوی ئامادەیە بۆ بەردەوامیدان بە شەڕ. لەو چوارچێوەیەشدا عاسم مونیر داوای لە تاران کردووە کۆتایی بە هێرشی گرووپە چەکدارەکان بهێنێت و بگەڕێنەوە سەر جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی مانگی حوزەیران کە لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و مەسعوود پزیشکیاندا واژۆ کرابوو.

ئەم دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییە لە کاتێکدا هاتە کایەوە کە پێشتر عاسم مونیر پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ ئەنجامدابوو، و نێوەندگیرییەکەی پاکستان وەک تاکە دەرفەتی کراوە سەیر دەکرا بۆ دەربازبوون لە قەیرانی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەت دوای ئەوەی ترەمپ ئۆپەراسیۆنێکی ئابووریی نوێی دژ بە تاران ڕاگەیاندبوو و لە بەرامبەریشدا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەو هەنگاوەی واشنتنی وەک دانپێدانان بە شکستی ئەمریکا لەقەڵەم دابوو.

هاوتەریب لەگەڵ ئەم هەوڵانە، کەناڵی دیپلۆماسیی عومانیش بە شێوەیەکی پراکتیکی کەوتە گەڕ؛ بە شێوەیەک بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران و لەگەڵ عەباس عێراقچی لەسەر چوارچێوەیەکی کاتی بۆ دروستکردنی رێڕەوێکی کەشتیوانیی ئارام لە گەرووی هورمز و ئەنجامدانی پڕۆژەیەکی هاوبەش بۆ کێوماڵکردن و پاککردنەوەی گەرووەکە لە مینە دەریاییەکان گەیشتنە لێکتێگەیشتن.

وەزیری دەرەوەی عومان جەختی لەوە کردەوە کە دانوستانە تەکنیکییەکان بۆ بەڕێوەبردنی هەمیشەیی گەرووەکە بەپێی ماددەی پێنجەمی یاداشتنامەی ئیسلامئاباد بەردەوام دەبن تاوەکو گەرەنتیی تەواوەتی بۆ ئازادیی کەشتیوانی و ئارامیی هێڵە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا دابین بکرێت.

هەروەها هەر ئەمڕۆ سێشەممە، دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکا بۆ تۆڕی هەواڵی (CBS) و پێگەی ئاکسیۆس ئاشکرایان کرد کە جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری CIA یەکەمین سەردانی خۆی لە دوای دەستبەکاربوونی بۆ مۆسکۆ ئەنجام دەدات.

هاوکات ، گوتەبێژێک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی کوردستان24دا پشتڕاستی کردەوە کە بەپێی دوایین هەڵسەنگاندنە ئەمنییەکان، ژمارەی کارمەند و دیپلۆماتکارانی خۆی لە چەندین نێردەی دیپلۆماسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت لە عێراق رێکدەخاتەوە. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانی واشنتن بۆ گەڕاندنەوەی ئەو دیپلۆماتکارانەی کە لە کاتی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە کشێنرابوونەوە.