وەزیری دارایی عێراق: هیچ نیازێک بۆ دابەشکردنی مووچە لە 45 رۆژدا نییە

پەیامنێری کوردستان24: وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەرانی هەرێم دەستی پێکردووە و دوای مووچەی وەزارەتەکانی عێراق، راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێردرێت

وەزیری دارایی عێراق جەختی کردەوە مووچەی فەرمانبەران بە تەواوی مسۆگەر کراوە و هیچ داوایەک بۆ دابەشکردنی 45 ڕۆژ جارێک لە ئارادا نییە، هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، پرۆسەی وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی هەشتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە و دوای تەمویلکردنی وەزارەتەکانی عێراق ڕاستەوخۆ دەنێردرێت.

سێشەممە 25ـی ئابی 2026، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە پسپۆڕان و شارەزایانی ئابووری، رایگەیاند، کۆی تێچووی مانگانەی مووچەی فەرمانبەران لە وڵاتدا دەگاتە نزیکەی 7 ترلیۆن و 700 ملیار دینار. ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتەکەیان هەستی بە هەڵاوسانێکی گەورە لە تێچووە داراییەکاندا کردووە و ئێستا بە چڕی کار بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخە، رێکخستنەوەی خەرجییەکان و بەرزکردنەوەی کارایی لە بەکارهێنانی سەرچاوە داراییەکاندا دەکات، هاوکات کار دەکرێت بۆ زیادکردنی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەرانی خاوەن پلە نزمەکان.

سەبارەت بە دۆسیەی باج لە عێراق، وەزیری دارایی روونیکردەوە کە وەزارەتەکەیان چاوی لەسەر نزیکەی 3 هەزار و 800 گەورە باجدەرە، بەڵام لەو ژمارەیە تەنیا نزیکەی هەزار و 300 باجدەر پابەندن بە پێدانی باجەکانیان؛ هەربۆیە پلانیان هەیە لە رێگەی بەکارهێنانی سیستەمی ژمارەی باجەوە بنکەی باجدان فراوانتر بکەن و بەسەر دوو بەشدا دابەشیان بکەن تاوەکو رێگری لە خۆدزینەوە لە باج بکرێت.

فالح ساری ئاشکراشی کرد، وەزارەتی دارایی بڕی نزیکەی 20 ترلیۆن دینار شایستەی دارایی لەلای دامەزراوە و لایەنەکانی دیکە هەیە و ئێستا کار لەسەر رێکخستنەوە و وەرگرتنەوەی ئەو شایستانە دەکرێت. هەروەها باسی لەوەش کرد، سیستەمی بودجەی بەرنامەکان هەردوو وەزارەتی دارایی و کارەبا، شانبەشانی هەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و دیوانیە دەگرێتەوە.

سەبارەت بە دۆسیەی هەناردەکردنی نەوت، وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، هێڵێکی بۆریی نەوتی هاوبەشی سعوودی-کوێتی هەیە کە بە دەریای سووردا تێدەپەڕێت و توانای گواستنەوەی دەگاتە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، و ئەگەری هەیە لە داهاتوودا عێراقیش بەشداری لەو هێڵەدا بکات بۆ هەمەچەشنکردنی رێگاکانی هەناردەکردنی نەوتی خۆی.

دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، ئاماژەی بەوە کرد ئێستا ئەو وەزارەتانەی کە خاوەنی داهاتی خۆیانن ، وەک وەزارەتەکانی نەوت و دارایی، دەستیان بە پێدانی مووچەی مانگی هەشت کردووە و بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتووش وەزارەتی دارایی دەست بە تەمویلکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەتەکانی دیکەی عێراق بکات.

سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرای کرد، پرۆسەی وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی هەشت لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەستی پێکردووە. بەپێی ئەو پلان و نەختینەیەی لەبەردەم وەزارەتی دارایی فیدراڵدایە، بڕیار وایە لە دوای تەواوبوونی خەرجکردنی مووچەی وەزارەتەکانی عێراق، راستەوخۆ دەست بە تەمویلکردن و ناردنی مووچەی مانگی هەشتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش بکرێت.

وەزارەتی دارایی عێراق دووپاتیشی کردووەتەوە کە سەرجەم رێکارە داراییەکان لە پێناو دابینکردنی بەردەوامی شایستە داراییەکانە و کار دەکرێت تاوەکو دابەشکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەبێ دواکەوتن بەڕێوەبچێت.