وەزیری دارایی عێراق: هیچ نیازێک بۆ دابەشکردنی مووچە لە 45 رۆژدا نییە
فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق جەختی کردەوە مووچەی فەرمانبەران بە تەواوی مسۆگەر کراوە و هیچ بڕیار و نیازێک بۆ دابەشکردنی مووچە لە هەر 45 رۆژ جارێکدا نییە، هاوکات ئاشکرای کرد, کار لەسەر بەرزکردنەوەی مووچەی پلە نزمەکان و کۆنترۆڵکردنی خەرجییە گشتییەکان دەکرێت.
سێشەممە 25ـی ئابی 2026، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە پسپۆڕان و شارەزایانی ئابووری، رایگەیاند، کۆی تێچووی مانگانەی مووچەی فەرمانبەران لە وڵاتدا دەگاتە نزیکەی 7 ترلیۆن و 700 ملیار دینار. ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتەکەیان هەستی بە هەڵاوسانێکی گەورە لە تێچووە داراییەکاندا کردووە و ئێستا بە چڕی کار بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخە، رێکخستنەوەی خەرجییەکان و بەرزکردنەوەی کارایی لە بەکارهێنانی سەرچاوە داراییەکاندا دەکات، هاوکات کار دەکرێت بۆ زیادکردنی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەرانی خاوەن پلە نزمەکان.
سەبارەت بە دۆسیەی باج لە عێراق، وەزیری دارایی روونیکردەوە کە وەزارەتەکەیان چاوی لەسەر نزیکەی 3 هەزار و 800 گەورە باجدەرە، بەڵام لەو ژمارەیە تەنیا نزیکەی هەزار و 300 باجدەر پابەندن بە پێدانی باجەکانیان؛ هەربۆیە پلانیان هەیە لە رێگەی بەکارهێنانی سیستەمی ژمارەی باجەوە بنکەی باجدان فراوانتر بکەن و بەسەر دوو بەشدا دابەشیان بکەن تاوەکو رێگری لە خۆدزینەوە لە باج بکرێت.
فالح ساری ئاشکراشی کرد، وەزارەتی دارایی بڕی نزیکەی 20 ترلیۆن دینار شایستەی دارایی لەلای دامەزراوە و لایەنەکانی دیکە هەیە و ئێستا کار لەسەر رێکخستنەوە و وەرگرتنەوەی ئەو شایستانە دەکرێت. هەروەها باسی لەوەش کرد، سیستەمی بودجەی بەرنامەکان هەردوو وەزارەتی دارایی و کارەبا، شانبەشانی هەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و دیوانیە دەگرێتەوە.
سەبارەت بە دۆسیەی هەناردەکردنی نەوت، وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، هێڵێکی بۆریی نەوتی هاوبەشی سعوودی-کوێتی هەیە کە بە دەریای سووردا تێدەپەڕێت و توانای گواستنەوەی دەگاتە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، و ئەگەری هەیە لە داهاتوودا عێراقیش بەشداری لەو هێڵەدا بکات بۆ هەمەچەشنکردنی رێگاکانی هەناردەکردنی نەوتی خۆی.