هەناردەی نەوتی ئێران نزیک بووەتەوە لە سفر
بەگوێرەی راپۆرتێکی نیویۆرک پۆست، بەهۆی ئەو گوشارە ئابووری و سەربازییانەی ئەمریکا خستوویەتییە سەر تاران و توندکردنی گەمارۆکان لەسەر بەندەرەکان، هەناردەی نەوتی ئێران بۆ ئاستێکی زۆر نزم دابەزیوە.
چوارشەممە 26ـی ئابی 2026، رۆژنامەی نیویۆرک پۆست بڵاویکردەوە، هەناردەی نەوتی ئێران نزیک بووەتەوە لە سفر و هیچ چالاکییەکی بەرچاو لە ناوەندی نەوت لە دوورگەی خارگی ئێران تۆمار نەکراوە.
لەلایەکی دیکەوە، رۆیتەرز بە پشتبەستن بە داتا و زانیارییەکانی کەپلەر بۆ چاودێریکردنی کەشتییەکان رایگەیاند، سەرەتای هەفتە کەمتر لە 20 کەشتیی بارهەڵگر بە گەرووی هرمزدا تێپەڕ بوون.
داتاکان دەریدەخەن یەکشەممە 4 کەشتی بە گەرووی هرمزدا تێپەڕ بوون، ئەمەش دوای ئەوەی شەممە 13 کەشتی تێپەڕ ببوون، پێشبینیدەکرێت ئەم ئامارانە لە داهاتوودا گۆڕانکارییان بەسەردا بێت، چونکە هەندێک لە کەشتییەکان لە کاتی تێپەڕبوونیاندا ئامێرەکانی ناردن و وەرگرتنی زانیاری خۆیان دادەخەن.
بەگوێرەی داتاکانی کەپلەر، سێشەممەی رابردوو تەنیا 6 کەشتی بە گەرووەکەدا تێپەڕ بوون، لە کاتێکدا داتاکانی هەفتەی رابردوو تۆماریان کردووە پێنجشەممە تەنیا 7 کەشتی تێپەڕ بوون، بەر لە دەستپێکردنی جەنگ، گەرووی هرمز رۆژانە 130 کەشتی بازرگانی پێدا تێپەڕ دەبوو، بەڵام ئێستا هاتوچۆی کەشتییەکان بۆ کەمتر لە 11 کەشتی لە رۆژێکدا دابەزیوە و گەیشتووەتە نزیکەی 4%ـی تێکڕای رێژەی پێش جەنگ.
لە لایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گەرووەکە کراوەیە و کاردەکات، لە بەرامبەردا ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە، گەرووەکە بەڕووی هاتوچۆی کەشتییەکاندا داخراوە.
گوتەبێژی سوپای پاسداران لە لێدوانێکدا دەربارەی دوایین دۆخی گەرووی هورمز رایگەیاند، تەنگەکە بە تەواوی لە ژێر دەسەڵاتی ئێراندایە و ئێستا هیچ کەشتییەکی جەنگیی نەیار لە ناو کەناراوەکانی کەنداو دا ئامادەیی نییە، جەختیشیکردەوە، سەرجەم کەشتییە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لانی کەم 400 کیلۆمەتر لە گەرووی هورمز دوورکەوتوونەتەوە و بەبێ رێگەپێدانی فەرمیی تاران، هیچ کەشتییەک ناتوانێت بەم ئاوڕێیە ستراتیژییەدا تێپەڕێت.
گوتەبێژەکەی سوپای پاسداران روونیکردەوە، گەرووی هورمز بە هاوبەشی سەر بە ئێران و عومانە، لەم چوارچێوەیەشدا نزیکەی مانگێک لەمەوبەر تاران لەگەڵ مەسقەت چووەتە ناو دانوستان و گەیشتوونەتە رێککەوتنێک کە جێگەی رەزامەندیی هەردوولایە، لەسەر دیاریکردنی پشکی هەر وڵاتێک لە ئاوەکانی تەنگەکە و سێکتەری داهاتەکانی. بەڵام رایگەیاند، ئەمریکا لەم پرۆسەیەدا کارشکنی دەکات، ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان تاران و مەسقەت.
سوپای پاسداران دووپاتی کردەوە، ئەگەر ئەمریکا واز لە کارشکنی بهێنێت و بگەڕێتەوە بۆ ناو لێکتێگەیشتننامەکە، ئەوا تاران دەتوانێت لە ژێر چوارچێوەی فەرمیی رێککەوتنەکەدا دەروازەی گەرووی هورمز بکاتەوە؛ بەڵام سووربوونی خۆی نیشاندا کە لە ئەگەری قبووڵنەکردنی مەرجەکانی ئێران لە لایەن واشنتنەوە، گەرووی هورمز بە هیچ شێوازێک بە رووی هاتوچۆی کەشتییەکاندا ناکرێتەوە.