ژمارەی قوربانییانی لافاوەکەی نیپاڵ گەیشتە 95 کەس و سەدان کەسیش بێسەروشوێنن
بەهۆی لافاوێکی بەهێز و وێرانکەر لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان نیپاڵ و هەرێمی تبتی چین، لانی کەم 95 کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون.
چوارشەممە 26ـی ئابی 2026، گوتەبێژی پۆلیسی نیپاڵ رایگەیاندووە، تا ئێستا گیانلەدەستدانی 95 کەس پشتڕاستکراوەتەوە و گەڕان بەدوای 28 ئەندامی هێزەکانی پۆلیسدا کە بێسەروشوێنن بەردەوامە.
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، لافاوەکە دوای ئەوە دروستبووە کە بارستەیەکی گەورەی قوڕ و بەرد لە ناوچە شاخاوییەکانەوە رژاوەتە ناو رووبارێکی سەر سنوور، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی لافاوێکی کارەساتبار لە دیوی خاکی نیپاڵدا.
رووداوەکە بووەتە هۆی بێسەروشوێنبوونی سەدان گەشتیار کە لە ناوچەکەدا بوون، هاوکات ئاژانسی "یۆنهاپ"ی کۆریای باشووریش رایگەیاندووە، هەشت هاووڵاتی وڵاتەکەیان لە نێو بێسەروشوێنەکاندان، لە لایەکی دیکەوە، پسپۆڕانی کەشناسی ناوچەکە روونیدەکەنەوە لافاوەکە لە ئەنجامی رژانی لەناکاوی ئاوی دەریاچەیەکی بەستەڵەک (سەهۆڵبەندان) بووە لە ناو خاکی تبتدا کە بەرەو خوارەوە سڕیوەتەوە.
هەروەها رەوشی نالەباری کەشوهەوا و مەترسی بەردەوامی لافاو وای کردووە دەسەڵاتدارانی هیندستانیش هۆشداری بدەنە دانیشتووانی ویلایەتەکانی ئۆتار پرادیش و بیهار لە باکووری وڵاتەکە، چونکە ئەو ناوچانە دەکەونە سەر سنووری نیپاڵ و مەترسی رژانی ئاوی رووبارە شاخاوییەکانیان بۆ سەر دروستبووە.