ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی ئێران: پێگە ئەتۆمییەکانمان بۆ پشکنین ئامادە نین

سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران رایگەیاند، ئێران هێشتا لە دۆخی جەنگدایە و بەو هۆیەوە پێگە ئەتۆمییەکانی بۆ پشکنین ئامادە نین.

چوارشەممە 26ـی ئابی 2026، محەمەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران رایگەیاند،"پێویستە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی پرۆتۆکۆلی تایبەت بەو پێگانە ئاشکرا بکات، کە رووبەڕووی هێرشی سەربازی بوونەتەوە"، ناوبراو جەختیکردەوە، ئاژانسی نێودەوڵەتی ناتوانێت داوای پشکنینی پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران بکات، تەنیا دوای ئەوەی پرۆتۆکۆلێکی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە دیاری دەکات.

سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، ئەمریکا و ئیسرائیل گوشار دەخەنە سەر ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بۆ ئەوەی سەردانی ئەو پێگە وێرانکراوانە بکات و دۆخەکەیان هەڵسەنگێنێت.

ئەم قسانەی محەمد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران دوای ئەوە دێت، تەوەرەی داهاتووی کۆگاکانی کەرەستەی ئەتۆمیی ئێران بووەتە بەربەستێکی سەرەکی لە بەردەم بەدیهێنانی ئاشتییەکی درێژخایەن لە نێوان تاران و واشنتن، لە لایەک واشنتن کۆتایهاێنان بە پرۆژە ئەتۆمییەکەی ئێرانی کردووە بە مەرجی سەرەکی دانوستانەکان و کۆتایهێنان بە جەنگ، لە لایەکی دیکەوە تاران پێداگیرە لەسەر بەردەوامبوون لە پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆم. 

لە دوایین لێدوانیشدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران گوتی: "ناتوانین رێگە بدەین ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات، بە هیچ شێوەیک ناتوانین رێگە بەوە بدەین، چونکە ئەوان نائاسایین و بەکاری دەهێنن". ترەمپ روونیکردەوە، پێشتر دووجار رێگریی لەو هەوڵانەی تاران کردووە و بەردەوام دەبن لە رێگریکردن لە گەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی.