عێراقچی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەوەی ئەمریکا دەیکات تیرۆری ئابوورییە
وەزیری دەرەوەی ئێران، لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش، هەڵوێستی تاران لەبارەی ئۆپەراسیۆنی تیرۆری ئابووری ئەمریکا دژی وڵاتەکەی روونیکردەوەو لە نامەکەدا جەختی لە بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووەتەوە بۆ سەرکۆنەکردنی ئەو هەنگاوە نایاساییانەی واشنتن.
چوارشەممە 26ـی ئابی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رەخنەی توندی لە هەنگاوی ئەمریکا بۆ گەمارۆیی توندی ئابووری سەر وڵاتەی گرت و رایگەیاند، ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی نوێی ئابووری دژی ئێران دەستیپێکردووە، روونیکردووەتەوە ئەمریکا دوای شکستهێنانی لە جەنگە سەربازییەکانی ساڵانی 2025 و 2026، ئێستا دەیەوێت لە رێگەی فشار و زۆرەملێوە وڵاتانی تر ناچار بکات کە پێوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ ئێران ببڕن، کە ئەمەش بە تیرۆری ئابووری نێودەوڵەتییە دژی گەلی ئێران.
لە نامەکەیدا بۆ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، عەباس عێراقچی جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەم کردەوانەی ئەمریکا پێشێلکردنی ئاشکرای پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بنەمای یەکسانی سەروەری وڵاتانە، هەروەها رەفتارەکانی واشنتن بە هەوڵێک بۆ سەپاندنی یاساکانی ئەمریکا بەسەر سنووری وڵاتانی تردا وێنا کراوە، کە مافی دەوڵەتە سەربەخۆکان لە دیاریکردنی سیاسەتی ئابووری خۆیان پێشێل دەکات.
رەهەندە مرۆییەکانی ئەم سزایانە بەشێکی تری گرنگی نامەکەی عێراقچی بوون، هاوکات جەختی کردووەتەوە، ئەم ئۆپەراسیۆنە بە شێوەیەکی سیستماتیک خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج و رێگری لە گەیشتنی دەرمان، خۆراک و پێداویستییە بنەڕەتییەکان دەکات، کە ئەمەش بە سزای بەکۆمەڵ هەژمار دەکرێت، عێراقچی جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەمە دژایەتییەکی روونی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی ساڵی 2018ـەیە کە ئەمریکای پابەند کردبوو بە مسۆگەرکردنی هەناردەی دەرمان و خۆراک بۆ ئێران.
رێگەی یاسایی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکان وەک مافێکی پارێزراوی ئێران لە نامەکەدا هاتووە، عێراقچی داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، کاریگەرییە مرۆییەکانی ئەم سزایانە بەدواداچوونی بۆ بکرێت و بەڵگەکان بپارێزرێن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەمریکا لەسەر ئەم تاوانانە رووبەڕووی لێپرسینەوە و قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەوی ببێتەوە.
ئەم داواکارییەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس)، نووسیویەتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران رووبەڕووی تەنگژە بووەتەوە، ناتوانێت مووچەی بەشێکی فراوانی سوپاکەی بدات.
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، ئێران خۆپیشاندەران بە رێژەیەکی بێپێشینە دەکوژێت، تەنانەت لەو حاڵەتانەشدا کە هاووڵاتییان بەشداریی خۆپیشاندانەکان ناکەن، ئەمە قەیرانێکی مرۆیی گەورەیە و پێویستە دەستبەجێ کۆتایی پێ بهێنرێت.
لە لایەکی دیکەوە، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئیدارەی ترەمپ بژاردەی سەربازی دژی ئێران بەدوور نازانێت، تەنانەت لەگەڵ راگەیاندنی "هێرشێکی ئابووریی یەکلاکەرەوە" بۆ سەر تاران.
ئەم لێدوانانەی وەزیری جەنگ دوای ئەوە هات کە سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند: واشنتن پلانێکی هەیە بۆ "خنکاندنی ئابووریی" ئێران، کە سزای لاوەکیش دەگرێتەوە بۆ سەر ئەو وڵاتانەی ئامادە نین هاوکاریی ئەمریکا بکەن لەو کەمپەینەدا.
گوتیشی:"ئامانجمان لە سەرانسەری جیهان بڕینی هەموو شادەمارێکی ئابوورییەکانی ئێرانە، تا ئەو کاتەی تاران بە تەواوی گۆشەگیر دەبێت."